چوار باری نوستن ئەگەری هەیە ببێتەهۆی مردنی منداڵی ساوا

PM:11:37:22/10/2021

18344 جار خوێندراوەتەوە

منداڵی ساوا پێویستی بە گرنگیپێدانی زیاتر هەیە لەلایەن دایک و باوکەوە، بەتایبەت لەکاتی نوستندا، بەڵام هەندێک شێوازی نوستن ئەگەری هەیە ببێتەهۆی مردنی منداڵ وەکو نوستن لەسەر دەم یان لەسەر یەکێک لە لایەکان.

ماڵپەڕی "سیحەتی" لە هەواڵێکدا ئاماژە بە شێوازە هەڵەکانی نوستنی منداڵ دەکات کە ئەگەری هەیە مەترسی لەسەر ژیانی بەجێبهێڵێت و ببێتەهۆی مردنی منداڵ بەتایبەت منداڵی ساوا، ئەوانیش:

نوستن لەسەر دەم یان "گەدە"

یەکێکە لەو شێوازانەی نووستن کە مەترسیدارە بۆ ژیانی منداڵی ساوا، چونکە پەستانێکی زۆر دەخاتە سەر سنگ و کۆئەندامی هەناسەی، ئەگەری هەیە منداڵ لەم دۆخانەدا بخنکێت بەوەی هەوا بە باشی ناچێت بۆ سییەکانی.

نوستن لەسەر یەکێک لە لاکان

ئەم شیوازی نوستنە بۆ منداڵی ساوا تەندروست نییە، چونکە منداڵ ناتوانێت کۆنترۆڵی جوڵەکانی بکات، ڕەنگە لەم جۆرە نوستنەدا منداڵەکە بجوڵێت و بچێتە سەر سنگ و بەو جۆرە بنوێت کە مەترسیدارە بۆ ژیانی منداڵ.

نوستن لەسەر جێگەی زۆر نەرم

ئەم جۆرە نوستنە دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی جوڵەی منداڵ ئەگەر لەم دۆخەدا منداڵ بکەوێتە سەر سک، لەکاتی تەنگەنەفەسیدا ناتوانێت شێوازی نوستنەکەی بگۆڕێت بەهۆی قوڵی و زۆر نەرمی جێگەکەی.

نوستن لەسەر هەمان جێگای دایک و باوکی

نابێت منداڵ لەسەر هەمان جێگای دایک و باوکی بنوێت، ڕەنگە لەکاتی نوستندا دایک یان باوکەکە خۆیان بدەن بەسەر منداڵەکەدا و زیانی پێبگەیەنن، مرۆڤ لە دۆخی نوستندا ئاگاداری خۆی نییە بەمەش بێئاگادەبێت لە دۆخی منداڵەکەی.

باشترین شێوازی نوستن بۆ منداڵ بەتایبەت منداڵی ساوا نوستنە لەسەر پشت، بۆ کرداری هەناسەدانی باشترە و دەتوانێت کۆنترۆڵی جوڵەکانی بکات، واتە بە ئاسانی ناتوانێت بجوڵێت تا شێوازی نوستنەکەی بگۆڕێت، کەمترین ئەگەری خنکان و مردنی لێدەکەوێتەوە، هەروەها جێگەی نوستنەکەی زۆر قوڵ و نەرم نەبێت لەگەڵ بەدووربوون لە یارییەکانی تا زیانی پێ نەگەیەنێت، لە جێگەیەکیش بنوێت کە دایک و باوک بتوانن بەباشی چاودێری بکەن.

ئ.ل