دادگا جارێکی تر ڕەتی کردەوە کورەکەی شاروخان بە کەفالەت ئازاد بکات

PM:08:45:22/10/2021

21360 جار خوێندراوەتەوە

دادگای مۆمبای بۆ جارێکی تر ڕەتی کردەوە کوڕەکەی ئەکتەری بۆلیود شاروخان بە کەفالەت ئازاد بکات، ئەویش دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو بە تێوەگلانی لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەندکراوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئێن دی تی ڤی هیندی، ئاریان شاروخانی تەمەن ٢٣ ساڵ، بە پلەی یەکەم تۆمەتبارە بە تێوەگلانی لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، پارێزەرەکانی لە ئێستادا هەوڵی ئەوە دەدەن دادگای باڵای مۆمبای ڕازی بکەن کە بە کەفالەت ئازادی بکەن.

نوسینگەی ڕوبەڕوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە مۆمبای ئاریان و کۆمەڵێک کەسی تریان لە کەشتییەکدا دەستگیرکرد کە لە ئاهەنگێکدا بەشدارییان کردبوو کە تیایدا ماددەی هۆشبەریان بەکارهێنابوو، لەو کاتەوە ژمارەی دەستگیرکراوان بۆ ٢٠ کەس بەرزبووەتەوە.

پارێزەرەکەی ئاریان ڕایگەیاندووە، کورەکەی شاروخان ماددەی هۆشبەرەکەی پێنەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا نوسینگەی روبەروبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەڵگەی بەهێزیان هەیە لە تێوەگلانی ئاریان بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، دەنگێکی تۆمارکراوە لە واتسئاپی مۆبایلەکەی ئاریانەوە دەرهێنراوە کە قسە لەگەڵ مافیایەکی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە دەکات.

ئ.ل