ئەم هۆکارانە هێڵی ڕەش لەژێر چاوەکاندا دروستدەکەن

PM:11:23:21/10/2021

23116 جار خوێندراوەتەوە

کەمخەوی تاکە هۆکار نییە کە وادەکات هێڵی رەش لەژێر چاوەکاندا دەربکەوێت، بەڵکو چەندین هۆکاری دیکە هەن کە دەبنە هۆی دروستبوونی.

لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی "زە هێڵسی" ئەمەریکیدا ئاماژە بەوەکراوە کە چەندین هۆکاری دیکە هەن کە دەبنە هۆی دەرکەوتنی هێڵی ڕەش لەژێر چاوەکاندا کە دیارترینیان بریتین لە:

١. روناکی خۆر

پێستی دەوری چاوەکان تەنك و هەستیارن و کاتێك تیشکی خۆریان بەردەکەوێت تووشی زیان دەبن، بۆیە باشتروایە لەکاتی چوونە بەرخۆر چاویلکەی پارێزەری %١٠٠ یاخود پارێزەر لە تیشکی سەرووبنەوشەیی بەکاربهێندرێت.

٢. خواردنی خوێ یان کافایین بەڕاددەیەکی زۆر

ئەگەر بەر لە خەوتن خواردنی سوێر بخۆیت کە بەیانیان لە خەو هەڵدەستیت هەست بە ئاوسانی ژێر چاوەکانت دەکەیت، هەروەها خواردنی کافایین بەراددەیەکی زۆر وادەکات جەستە پارێزگاری لە ئاوی ناو پێکهاتەکەی بکات کە ئەمەش وادەکات پێستی ژێرچاوەکان تۆخ و تاریك ببێت.

٣. کەرەستەکانی جوانکاری

بەکارهێنانی کەرەستەی خراپی جوانکاری ئەگەری هەیە زیان بە تەندروستی پێست بگەیەنێت و ببێتە هۆی زیادبوونی ئەو پەڵە و هێڵانەی ژێر چاوەکان.

٤. هەڵگڵۆفینی چاوەکان

خوراندن و هەڵگڵۆفینی چاوەکان ئەگەری هەیە ببنە هۆی زیادبوونی هێڵی رەشی ژێر چاوەکان، بۆیە ئەگەر هەستت بە خورانی چاوەکانت کرد باشتروایە پارچەیەك خەیاری ساردی بخەیتە سەر.

٥. بۆماوەیی

دەکرێت هێڵی رەشی ژێر چاوەکان بۆماوەیی بێت، کە ئەمەش باوترین هۆکارەکانە.

٦. بەسەربردنی کاتی زۆر لەبەردەم کۆمپیوتەردا

بەسەربردنی کاتی زۆر لەبەردەم کۆمپیوتەردا وادەکات مولولەخوێنەکانی دەورووبەری چاوەکان ماندووبن بەبێ ئەوەی بحەوێنەوە، ئەمەش وادەکات چاوەکان بەقوڵاییدا بچن و هێڵی رەش لە دەورووبەریاندا دەربکەوێت.

٧. هەستیاری

هەستیاری و وشكبوونی پێست و ئەکزیما دەبنە هۆی دەرکەوتنی هێڵی ڕەش لە دەوری چاوەکاندا.

٨. قەتیسبوونی شلە لە جەستەدا

قەتیسبوونی شلە لە جەستەدا دەبێت هۆی کۆبوونەوەی خوێن لەژێر چاوەکاندا و رەشبوونیان، کە ئەمەش دەکرێت بەهۆی پیربوون، خواردنی سوێر و چەند هۆکارێکی دیکەوە رووبدات.