رێگە دروستەکەی بەکارهێنانی زەیتە سروشتییەکان بۆ قژ

PM:09:52:16/10/2021

14820 جار خوێندراوەتەوە

زەیتە سروشتییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە به‌هێزکردن و پڕبوون و درێژبوونەوەی قژدا، خانمانیش زەیتە جیاوازەکان بۆ قژ بەکاردەهێنن بەڵام گرنگە بزانرێت چ زەیتێک بۆ چ جۆرە قژێک بەکاردێت و چۆنیش بەکاردەهێنرێت؟

رەجا مەجدی مامۆستا و یاریدەدەری پزیشکی لە کۆلێژی دەرمانسازیی و پسپۆڕی قژ و پێست لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی یەوم سابعی سعودی ئاماژەی بە ڕێگە دروستەکەی بەکارهێنانی زەیتە سروشتییەکان کردووە بۆ قژ.

ئەو پسپۆڕی قژە رایگەیاندووە، بۆ ئەووەی سوود لە زەیتەکان وەربگیرێت پێویستە وەک حەمام زەیت بەکاربهێنرێت، کە سوڕی خوێن لە سەردا چالاک دەکات و یارمەتی ڕەگی قژەکە دەدات بەهێز و چالاک بێت و بەخێرایی بڕوێتەوە و گرفتەکانی قژ نەهێڵێت.

باشترین جۆری زەیتەکان خستووەتە ڕوو کە دەبێت بە گەرمی بدرێت لە قژەکە بۆ ئەوەی بە باشی ڕەگی مووەکان هەڵیمژن و سوودی لێوەربگرن، وەک زەیتەکانی گوێزی هیندی و گەرچەک و جۆجۆیا و زەیتون و کونجی و رۆزماری، جۆری زەیتەکانی بۆ چارەسەری هەر گرفتێکی قژ دیاریکردووە، ئەوانیش:

زەیتی گوێزی هیندی و زەیتی چا:

بۆ نەمانی کڕێشی قژ ئاماژەی بە زەیتی گوێزی هیندی کردووە کە دژە میکرۆب و کەڕووەکانە و کڕێشی قژ ناهێڵێت شێداریی بە سەری تاڵەکانی قژ دەدات، لەهەمان کاتدا ڤیتامین ئی تێدایە، لەگەڵ زەیتی چا بۆ کڕێشی قژ بەسوودە.

زەیتی بادەم:

بۆ شێدارکردنەوە و باشکردنی جۆرییەتی قژەکە بەسوودە، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین ئی و ترشی چەوری و پرۆتین و چەورییە ناتێرەکان.

زەیتی زەیتوون:

بۆ شێداریی و نەمانی وەرینی قژ بەسوودە، چونکە تایبەتمەندی دژە ئۆکسانی تێدایە و دژە بەکتریایە، بنبێخی سەر پاک دەکاتەوە و وشکی و مخۆرکەی قژ ناهێڵێت.

زەیتی گەرچەک:

ترشە چەوری ئۆمێگا سێی تێدایە کە یارمەتی پڕبوون و تەنکی قژ دەدات و ڕێگری لە سوتانی تاڵەکانی قژ و وەرینید ەدات.

زەیتی ئۆرگان:

بۆ ئەو قژانەی بژ و تەنک و سوتاون چونکە برێکی چەوری ناتێری تێدایە و شێداری و بەهێزی بە قژەکە دەدات.

ئەو پسپۆرە هەنگاوەکانی بەکارهێنانی زەیتەکانی خستووەتەوە ڕوو:

یەکەم: زەیتەکە بەپێی پڕی و درێژی قژەکە بیخەرە ناو قاپێکەوە، دەتوانیت کەرەی شیای تێکەڵ بکەیت وەک حەمام زەیت بەکاریبهێنیت.

دووەم: قاپەکە بخەرە مایکرۆوەیڤەوە و ٣٠ خولەک لەناویدابێت، یان بخرێتە سەر ئاگر و خولەکێک لەسەری بێت.

سێیەم: زەیتەکە گەرمییەکی گونجاوی هەبێت و بدرێت لە بنبێخی قژەکە و بۆ ماوەی پێنج خولەک بە شێوەی بازنەیی بشێلدرێت.

چوارەم: قژەکە بە پارچەیەک نایلۆن داپۆشە بۆ ئەوەی گەرمییەکەی نەڕوات، دواتر خاولییەک بە سەرتەوە بئاڵێنە.

پێنجەم: بۆ ماوەی کاتژمێرێک پێوەی بێت، بە شامپۆی بێ ماددەی کیمیایی بشۆرێت، لەگەڵیدا نەرمکەرەوە "بەلسەم"ی بۆ بەکاربهێنرێت.

شەشەم: ئەم هەنگاوانە هەفتەی دوو بۆ سێ جار جێبەجێ بکرێت بەو جۆرە گرفتەکانی قژ نامێنێت.

ئ.ل