مشتومڕەکە لە نێوان
ئارەزومەندانی خۆراکی تەندروستدا بەردەوامە لەسەر ئەوەی کامیان باشترە، مریشک یان
هێلکە، کە دوو لە سەرچاوە بەناوبانگەکانی پرۆتینن لە سەرانسەری جیهاندا،هەردووکیان
سوودی خۆراکی گرنگ پێشکەش دەکەن، بەڵام هەریەکەیان تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە کە
وایان لێدەکات گونجاو بێت بۆ ئامانجە تەندروستییە جیاوازەکان.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری " eremnews"، سنگی مریشک سەرچاوەیەکی
دەوڵەمەندە بە پرۆتینی بێ چەوری، ئەمەش وایکردووە ببێتە هەڵبژاردەیەکی گونجاو بۆ
دروستکردنی ماسولکە و پشتگیریکردن لە دابەزاندنی کێش، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی دەیانەوێت
کالۆری کەم وەربگرن.
لە بەرامبەردا هێلکە
پرۆتینی بە رێژەیەکی مامناوەند تێدایە و پڕە لە ماددە خۆراکییەکان، زەردێنەکەی ڤیتامینەکانیA ، D ، E ، K لەخۆدەگرێت لەگەڵ کۆڵین و چەوری تەندروست و
دژە ئۆکسێنەر کە پێویستن بۆ تەندروستی مێشک و چاو.
توێژینەوە خۆراکییەکان
ئاماژە بەوە دەکەن کە هێلکە پێکهاتەی چالاکە زیندووەکانی وەک لوتین و کۆلین دابین
دەکات، کە پاڵپشتی کارکردنی مێشک و میتابۆلیزم دەکەن بە شێوەیەک کە مریشک بە تەنیا
نایکات، هێلکە یارمەتی بەرزکردنەوەی تەندروستی مێشک دەدات و بینین باشتر دەکات و
پشتگیری لە بەڕێوەبردنی کێش دەکات بەهۆی پرۆتین و ڕێژەی چەوری تەندروستەوە هەروەها
بەشدارن لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە و بەرهەمهێنانی هۆرمۆن.
مریشک بەشدارە لە
دروستکردن و چاککردنەوەی ماسولکەکان، پاڵپشتی کارەکانی میتابۆلیک دەکات بەهۆی ڤیتامینەکانیB یەوە، هاوکات یارمەتی بەرەوپێشبردنی تەندروستی
دڵ دەدات کاتێک بەشێوەیەکی تەندروست دەکوڵێت، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتی تەندروستی ئێسک
و شانەکان دەکات.
هێلکە بە ئاسانی هەرس
دەکرێت و وادەکات بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێری بکەیت، بەڵام مریشک بە هێواشی هەرس
دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێلکە نرخەکەی کەمترە و بە ئاسانی دەستدەکەوێت، لەکاتێکدا
مریشک گرانترەو و بەهایەکی خۆراکی بەرز پێشکەش دەکات بەهۆی بەرزی ڕێژەی پڕۆتینەکەیەوە.
لە کۆتاییدا، هەڵبژاردنی
نێوان مریشک و هێلکە پەیوەستە بە ئامانجی خۆراکییەوە، مریشک گونجاوە بۆ زیادکردنی
پرۆتین و دروستکردنی ماسولکە، لەکاتێکدا هێلکە چەندین سوودی هەیە بۆ تەندروستی، تێکەڵکردنیان
لە خۆراکدا هاوسەنگترین بژاردەیە.