پسپۆڕێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی
ژنان ئاشکرایکردووە، خانمان لە هەموو تەمەنەکاندا تووشی ئازاری مەمک یان مەمک ئێشە
دەبنەوە، کە گرفتێكە و دەکرێت لە پێش یان لەدوای ماوەی بێهیوایی دروستببێت، بەڵام بە
زۆری لە خانمانی گەنج زیاترە و یەکێک لە گرفتەکانی ئازاری مەمکیش ئەوەیە کە زۆربەی
خانمان شەرم دەکەن لای پزیشك و دایک و تەنانەت خوشکەکەشی باسی بکەن.
ژیان خەلیل ئەحمەد پسپۆڕی
نەخۆشییەکانی مەمک ڕایگەیاندووە، هەرچەند لە %٧٠ی خانمان تووشی مەمکئێشە دەبن لە یەکێك
لە کاتەکانی تەمەنیان، بەڵام لەو رێژەیە تەنیا %١٥یان پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی
دەبێت.
ئەو پسپۆرە کۆمەڵێک هۆکاری
خستووەتە ڕوو کە دەبنەهۆی مەمکئێشە، ئەوانیش:
یەکەم: کیسی مەمک
مەمکی خانمان کۆمەڵێک قەبارە
و شێوازی جیاوازی هەیە و مەترسیی دروستبوونی ئازاری زیاترە، لەکاتی دروستبوونی رژێن
و جۆگەکانی شیر گواستنەوە لەنێو مەمکدا، مەترسیی دروستبوونی کیسەکانی مەمک زیاد دەکات.
دووەم: دەرمان
کۆمەڵێک دەرمان هەن کە
ئازاری مەمک دروستدەکەن، لەوانە:
- دەرمانەکانی نەزۆکی.
- هۆڕمۆنەکانی رێگریکردن
لە منداڵبوون.
-ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن
لەدوای تەمەنی بێهیوایی.
-دەرمانەکانی خەمۆکی
-دەرمانەکانی میزکردن
سێیەم: نەشتەرگەریی مەمک
ئەنجامدانی نەشتەرگەریی
و دروستبوونی برین و مانەوەی شوێنەواری برین هۆکارە بۆ ئازاری مەمک.
چوارەم: هەوکردنی شانە
کڕکڕاگەییەکان
هەوکردنی شانە کڕکڕاگەییەکان
کە پەراسووەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەرچەندە ئەمە پەیوەندیی بە مەمکەوە نییە، بەڵام
زۆربەی خانمان بۆیان جیاناکرێتەوە.
پێنجەم: هەوکردنی مەمک
چەند حاڵەتێکی بە ئازارن،
زیاتر تووشی خانمانی شیردەر دەبن بەهۆی مانەوەی شیر هەوکردن روودەدات و زۆرجار لەگەڵیدا
ئازار، تا بێهێزی و ئەستووربوونی مەمک روودەدات.
شەشەم: ستیانێکی ناڕێک
بەکارهێنانی ستیانی زۆر
تەسک، یان زۆر شل پاڵپشتی مەمکەکان لاواز دەکات و بەمەش ئازار دروستدەکات.
حەوتەم: شێرپەنجەی مەمک
زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی
مەمک بێ ئازارن، بەڵام لە هەندێكیان ئازار و ناڕەحەتی دروستدەکات و پێویستیان بە پشکنین
دەبێت.
ژیان خەلیل لە کۆتاییدا
ڕونیکردووەتەوە، پێویستە خانمان هۆشیاربن و لەکاتی دروستبوونی ئازار سەردانی پزیشكی
تایبەتی خۆیان بکەن، تاکو لە هۆکارەکەی دڵنیاببنەوە کە دەکرێت یەکێك لەمانەی سەرەوە
بێت.