دانیشتوانی جیهان چاوەڕوانی دیاردەیەکی فەلەکی
ناوازە دەبن، لە شەوی ٧ تا ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا مانگگیرانێکی دەگمەنی تەواوەتی
روودەدات کە درێژترین مانگگیرانە لە ساڵدا.
بەگوێرەی داتاکانی "global petrol prices"،
زیاتر لە شەش ملیار کەس لە ئاسیا و ڕۆژئاوای ئوسترالیادا، کە دەکاتە 77%ی دانیشتوانی
جیهان، دەتوانن شایەتحاڵی تەواوی مانگگیرانەکە بن، لە کاتێکدا دانیشتوانی وڵاتانی
ئەوروپا، ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا و نیوزلەندا بەشێک لە مانگگیرانەکە دەبینن،
بەڵام دانیشتوانی ئەمریکا ناتوانن بیبینن.
کۆی گشتی مانگگیرانەکە ٨٢ خولەک دەخایەنێت، بەمەش
دەبێتە یەکێک لە درێژترین مانگگیرانەکانی ئەم دەیە، ئەم دیمەنە فەلەکناسییە بە
دیاردەیەکی ناوازە و تایبەت باس دەکرێت.
مانگ بە سووری تۆخ دەردەکەوێت کاتێک تیشکی خۆر
بە بەرگەهەوای زەویدا تێدەپەڕێت و بەرەو مانگ دەشکێت، ئەمەش دیاردەیەکە بە
"مانگی خوێن" ناسراوە، ئەم دیمەنە زیاتر بەرزتر دەبێتەوە بەهۆی قووڵی ڕێژەیی
مانگگیرانەوە، سێبەری زەوی نزیکەی 36%ی تیرەی مانگ دەگرێتەوە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لە باشترین ناوچەکان
دەبن بۆ بینینی ئەو دیاردەیە، لێرەدا دیارترین کاتەکان لە چەند شارێکدا دەخەینەڕوو:
قاهیرە، ڕیاز، بەغدا، بەیروت، دیمەشق، عەمان:
کاتژمێر ٨:٣٠ شەو تا ٩:٥٢ شەو
پەکین و هۆنگ کۆنگ: کاتژمێر ١:٣٠ بەیانی تا
٢:٥٢ بەیانی
تۆکیۆ: کاتژمێر ٢:٣٠ بەیانی تا ٣:٥٢ بەیانی
سیدنی: کاتژمێر ٣:٣٠ بەیانی تا ٤:٥٢ بەیانی
مۆسکۆ: کاتژمێر ٨:٣٠ی شەو تا ٩:٥٢ی شەو
ئەستەنبوڵ: کاتژمێر ٨:٣٠ شەو تا ٩:٥٢ شەو
لەندەن: کاتژمێر ٦:٣٠ی ئێوارە تا ٧:٥٢ی ئێوارە
شارەکانی وەک کازابلانکا و تونس و جەزائیر تەنها
لە قۆناغە سەرەتاییەکان یان کۆتاییەکانیدا شاهیدی مانگگیرانەکە دەبن.