دوو پیاو لە بەریتانیا بەهۆی بڕینی بەناوبانگترین
دار سزای چوار ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی سێشەممە دادگای ناوچەی نیوکاسڵ سزای چوار
ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەر دوو پیاودا سەپاند، دوای ئەوەی بە تاوانی بڕینی دارێکی
بەناوبانگی ئینگلتەرا تۆمەتبار کران، کە دەکەوێتە نزیک دیواری مێژوویی هادریان، ئەم
تاوانە تووڕەیییەکی بەرفراوانی چ لە ناوخۆی بەریتانیا و چ لە دەرەوەی وڵات بەدوای
خۆیدا هێنا.
دادگاکە هەمان سزای بەسەر دانیال گراهامی تەمەن
٣٩ ساڵ و ئادەم کاروتێرزی تەمەن ٣٢ ساڵدا سەپاند، سەرەڕای ئەوەی یاسا ڕێگەی بە زیندانیکردنی
تا ١٠ ساڵ داوە لەسەر ئەو جۆرە تاوانانە، داواکاری گشتی ڕیچارد ڕایت کارەکانیان بە
کارێکی هەڵە و نایاسایی ناو دەبرد.
ئەم دارە بە "سایکامۆر گاپ" ناسراوە،
یەکێک بووە لە شوێنە سروشتییەکانی ئینگلتەرا کە زۆرترین وێنەی گیراوە، ساڵانە هەزاران کەس سەردانی دیواری بەناوبانگی هادریان
دەکەن کە بە ئاسەوارێکی جیهانی دادەنرێت، گەشتیارانوێنەی یادگارییان لەگەڵدا
دەگرت، ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێنا دوای ئەوەی
لە ساڵی ١٩٩١ لە فیلمی "ڕۆبن هود" دەرکەوتبوو کە کیڤن کۆستنەر و مۆرگان ڕۆڵی
سەرەکییان تێدا دەگێڕاوە.
جێگەی باسە گراهام و کاروتێرز شەوی ٢٧-٢٨ی ئەیلوولی
ساڵی ٢٠٢٣ بە ئۆتۆمبێلێکی کارەباییەوە بەرەو شوێنی دارەکان ڕۆیشتوون، پاشان یەکێکیان
دارەکەی بڕیوەتەوە و ئەوی دیکەیان وێنەی ڕووداوەکەی گرتووە، داواکاری گشتی بەهای
دارەکەی بە زیاتر لە ٦١٥ هەزار دۆلار خەمڵاندووە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو دوو کەسە چێژیان لەو
سەرنجە بەرفراوانەی میدیاکان دوای کردەوەکەیان وەرگرتووە و لە سۆشیال میدیاکانی
خۆیانەوە پیرۆزبایی لە یەکتری دەکەن لەسەر ئەو کارەی کردوویانە سەرەڕای ئەوەی بە
بەردەوامی راستی و بەڵگەکان رەتدەکردەوە هەر لایەنێک بە بێ ئەوەی هیچ پاساوێک بخاتە
ئەستۆی ئەویتریان.
ئەم دارە مێژووییە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٦ لە ئینگلتەرا
بە "داری ساڵ" هەڵبژێردرا و شوێنێکی بەناوبانگی وێنەی خێزانی و هاوسەرگیری
بووە.