ئادەم مۆسێری سەرۆکی ئینستاگرام رایگەیاند، پلاتفۆرمەکە
کوالیتی ئەو ڤیدیۆیانە دادەبەزێنێت کە بینەری کەمە، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی بەڕێوەبردنی
سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کاراتر.
ئەم لێدوانە لە وەڵامی هەندێک پرسیاردا هات کە لە پلاتفۆرمیThreads ئاراستەی کرابوو، چونکە مۆسیری
هۆکاری پشت دەرکەوتنی هەندێک کلیپی ڤیدیۆیی بە کوالێتی نزمتر یان بە شێوەیەکی لێڵ
ئاشکرا کرد.
مۆسێری روونیکردەوە: "بەگشتی ئامانجمان ئەوەیە ڤیدیۆکان
بە بەرزترین کوالێتی بگەیەنین، بەڵام ئەگەر ڤیدیۆیەک بۆ ماوەیەکی زۆر سەیر نەکرابێت،
وەک چۆن زۆربەی بینینەکان لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی دان، کوالێتی ڤیدیۆکە
دادەبەزێنین، ئەگەر بینەرەکانی زیاد بکەن، دووبارە بە کوالیتی بەرزتر نمایشی دەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە بۆ دڵنیابوونە لەوەی ناوەڕۆکی
کوالیتی بەرز بۆ بەکارهێنەرانی ئینستاگرام نمایش دەکرێت، بەتایبەتی ئەو ڤیدیۆ کلیپانەی
کە بینەری بێشومار بۆ خۆیان رادەکێشن.
لە وەڵامی بەکارهێنەرێکی Threads کە نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم سیاسەتە لەسەر
دروستکەرانی ناوەڕۆکی بچووک، مۆسێری ئاماژەی بەوەدا کە جیاوازی کوالیتی "گرنگ
نییە" و جەختی لەوە کردەوە کە رێژەی بینەر زیاتر پەیوەستە بە ناوەڕۆکی ڤیدیۆکە
نەک کوالیتییەکەی.
H.Y