وێنە.. منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ کێشی پێنج کیلۆگرامە

AM:11:46:18/07/2021

6580 جار خوێندراوەتەوە

جودی عەمرو منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵی میسرییە، جەستەی لە گەشەکردن وەستاوە، بەو جۆرەش بە بچوکترین منداڵ دادەنرێت لە وڵاتەکەیدا، کە ئەو کاتەی لە سکی دایکیدا بووە توشی نەخۆشییەکەی دەگمەن بووە، بەهۆیەوە گەشەی جەستەی وەستاوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی لوبنان٢٤، جودی ئەو کاتەی لەدایکبووە کێشی ٥٠٠ گرام بووە، لە ئێستادا درێژیی باڵای لە ٦٠ سانتیمەتر تێ ناپەڕێت و کێشی پێنج کیلۆگرامە.
عەمرو مەحمود باوکی منداڵەکە جودی ڕایگەیاندووە، منداڵەکەی بە کێشی نیو کیلۆگرامەوە لەدایکبووە، هەروەک وتوویەتی "لەوکاتەوە بەردەوام لە لێکۆڵینەوە و گەڕانین بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکەی، کە بۆچی لە گەشەکردن وەستاوە؟".
باوکی لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی "بەردەوام لە گەڕانی چارەسەرێکداین و هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین، لە ئێستادا کچەکەم لە خوێندنگەیە و لە پۆلی سێی سەرەتاییە، بەشێوەیەکی ئاسایی ژیان بەڕێدەکات".
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، جودی سێ خوشکی تری هەیە یەکێکیان ١١ مانگی تەواو نەکردووە، ئەویش بەهەمان شێوە بەدەست نەخۆشییەکەی جودییەوە دەناڵێنێت، بەڵام تەواوی خوشکەکانی تری تەندروستن، دڵنیاشە لەوەی هیچ کەسێک لە ئەندامانی خێزانی خۆی و ژنەکەی ئەو جۆرە نەخۆشییە دەگمەنەیان نییە.
باوکی جودی ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتی دووگیانیدا هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکە لە پشکنینەکاندا دەرنەکەوتووە، تەنیا دوای لەدایکبوونی بە نەخۆشییەکە زانراوە.
ئەو باوکە کچەکەی بە ڕوخۆش و منداڵێکی کۆمەڵایەتی وەسف دەکات، ئەگەرچی لەلایەن ئەو کەسانەی یەکەمجارە دەیبینن ڕەخنە و توانجی لێدەگرن، بەڵام کچەکەی گوێ بە ڕەخنە و توانجەکان نادات.