چۆنێتی هەڵگرتنی گەڵامێو بۆ وەرزی زستان

PM:12:55:28/09/2021

9852 جار خوێندراوەتەوە

گەڵامێو زیاتر لە وەرزی هاویندا هەیە و بۆ ئامادەکردنی یاپراخ و مەبەستی جیاوازتر بەکاریدەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کات خەڵکی ئارەزوو دەکات ئەم جۆرە خواردنە لە وەرزی زستاندا بیخوات، بۆیە بەشێک لە کابانەکان هەڵیدەگرن، بەڵام دەبێت بزانرێت چۆن هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی خراپ نەبێت و بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بمێنێتەوە.

کەرەستەکانی:

گەڵامێو

خوێ

کیسە یان شوشەی تایبەت بە هەڵگرتنی

هەنگاوەکانی هەڵگرتنی گەڵامێو:

سەرەتا هەر گەڵایەك كە دەتەوێت هەڵیبگریت پێویستە ئەو لاسكەی لێبكەیتەوە كە پێوەیەتی .

بەشێوەیەكی ڕێك و بە ڕیز لەسەریەک دایبنێ و بیخەرە ناو دەفرێكی خاوێنی گەورەوە.

لەدەفرێكی دیكەدا دوو لیتر ئاو لەگەڵ نیو كیلۆ خوێی بۆ زیاد بكە و تیایدا بیتوێنەرەوە.

گەڵامێوەكانی پێشتر ئامادەتكردووە بۆ ماوەی تەنها حەوت ڕۆژ بیخەرە خوێیاوەكەوە.

دوای حەوت ڕۆژەكە گەڵاكان دەربهێنە و بیخەرە شوشە یان كیسەوە، بەڵام بەمەرجێك سەری كیسەكان باش و توند دابخرێت و دواتر بیخەرە فرێزەرەوە .

ڕۆژێك پێش ئەوەی گەڵاكان بەكاربهێنیت لە فرێزەر دەریبهێنە و بۆ ماوەی نیو كاتژمێر بیكوڵێنە و دواتر لەئاوەكە دەریبهێنە و بەكاریبهێنە بۆ دروستكردنی یاپراخ، بەوجۆرە تامەکەی ناگۆڕێت و وەک ئەوەبێت گەڵاکان تازە بێت.

ئ.ل