وێنە.. منداڵێک بەھۆی نەخۆشییەکی دەگمەنەوە ناتوانێت بگری

PM:08:40:25/09/2021

2920 جار خوێندراوەتەوە

منداڵێکی کەنەدی لە دوای لەدایکبوونی پزیشکەکان رایانگەیاندووە، منداڵەکە بەدەست نەخۆشییەکی دەگمەنەوە دەناڵێنێت بە جۆرێک ناگری و توشی نۆبەی دڵ دەبێت.
لوسیندا ئاندرۆزی تەمەن ٣٢ ساڵ دایکی منداڵەکەیە و  لە شاری کینتی کەنەدا دەژی، منداڵەکەی بەناوی لیلۆ لە مانگی مارسدا لەدایکبووە و ماوەی دووگیانییەکەی ئاسایی بووە تەنانەت بە شێوەی سروشتیی لەدایکبووە.
ئەو دایکە بە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ڕاگەیاندووە، لەکاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیدا دەرکەوتووە کە جوڵەی دەست و سەر و قاچەکانی زۆر کەمە، لەدوای چەند  پشکنینێک ئاشکرابووە لیلۆ توشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە بەناوی "TBCD" کە ناتەواوییەکە لە خانە پرۆتینەکانی جەستەدا و تاکو ئێستا ناوێکی دیاریکراوی نییە.
ئاماژەی بەوەکردووە، منداڵەکەی ناگری و بەدەست نۆبەی دڵەوە دەناڵێنێت، لە ھەمان کاتدا گرفتی تەنگەنەفەسی ھەیە ھۆکارکەشی تەنیا نەخۆشییەکەیەتی، لە ئێستادا تەنیا چارەسەری سروشتیی ھەیە وەک جوڵاندنی دەست و قاچ و سەری و بردنی بۆ مەلەوانگە.
لوسیندای دایک بەردەوام لە گەران و ھەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کورەکەی، چونکە نازانێت مەترسیی ئەو نەخۆشییە لە چ ئاستێکدایە و چارەنوسی منداڵەکەی بەکوێ دەگات.
ئ.ل