وەسێتنامەی منداڵێکی توشبووی شێرپەنجە پێش مردنی

PM:09:02:05/09/2021

19176 جار خوێندراوەتەوە

منداڵێکی میسری توشبووی نەخۆشی شێرپەنجە دوای گیان لەدەستدانی وەسێتنامەکەی دۆزرایەوە و وشەکانی ناو وەسێتنامەکەی هەست و سۆزی گەلی میسری بەلای خۆیدا راکێشا و گەورەکانی لە چۆنێتی مامەڵکردن لەگەڵ منداڵی نەخۆشدا ئاگادار کردەوە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "سکای نیوز"، مارینای ‌هەشت ساڵ پێش مردنی وەسێتنامەیەکی بەجێهێشتووە و تیایدا نوسیویەتی "من بەم نزیکانە دەمرم، دڵنیام لەوە، دەنگێک هەیە کە پێم دەڵێت بەم نزیکانە دەمرم."

مارینا لە وەسێتنامەکەیدا داوای کردوە کە جگە لە دایکی و چەند ئەندامێکی خانەوادەکەی لەکاتی شۆردنی تەرمەکەیدا نەیبنن و هەر ئەوانیش جلوبەرگەکەی بۆ بگۆڕن.

مارینا بە دایکی وتووە "جلوبەرگی رەش لەبەر نەکات و نەشگری و تەماشای تەلەڤزیۆن بکەن." داوای لە خانەوادەکەشی کردوە کێک و بسکیت و شیرینی بگێڕن.

مارینا چەند ساڵێک بوو توشی شێرپەنجەی ژێر زمان بوو بوو، هەرچەندە پزیشکەکانی هەوڵیاندا بە نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی ژیانی رزگار بکەن، بەڵام هەموو هەوڵەکان بێ سوود بوو.

ئەم نامەیە کە چەند مانگێک بەر لە مردنی نوسیویەتی هۆشدارییەکە بۆ هەمووان کە هەستیارتر لەگەڵ منداڵی نەخۆشدا مامەڵە بکەن و شتێک نەکەن کە ببێتە هۆی بێ هیوا بوونی منداڵەکە.