فلمی کوێستانی قەندیل نمایشدەکرێت

فلمی کوێستانی قەندیل نمایشدەکرێت
2018-12-31

4933 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەمڕۆ فلمی سینەمایی کوێستانی قەندیل لەدەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردوو تەها کەریمی، لەلایەن بەشی رۆشنبیریی و هونەری سەیدسادقەوە نمایشدەکرێت.

فلمی کوێستانی قەندیل، لە دەرھێنانی تەھا کەریمی و بەرھەمی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان- بەرێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانییە.

کوێستانی قەندیل، باسی چوار نەتەوەی کورد و تورک و عەرەب و فارس دەکات کە بە درێژایی دەیان ساڵ لە کوێستانی قەندیل بەر یەک دەکەون. بە چوار زمان قسە دەکەن و بە یەک زمان ئەگرین و رەنج دەبینن، وەک یەک ماندوون و بە یەک زمان فرمێسک دەرێژن.

لە فلمەکەدا شانۆکاری ناسراوی کورد، د.قوتبەدین سادقی، سترانبێژی باکوری کوردستان جومەرد قارەمان و گۆرانیبێژ عەینەدین مەریوانی، شێوەکاری عەرەب خاتوو لەمیا حسێن و ئەکتەری میوان کامەران رەووف ، کەمال جەلال قادر و چەند ئەکتەرێکی کورد و تورک و فارس و عەرەب لەم فلمەدا بەشدارییان کردووە.

پاش بەرهەمهێنانی فلمی کوێستانی قەندیل بووبە یەکێک لە فلمە ناوازە و سەرنجڕاکێشەکان، تا ئێستا فلمەکە لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و جیهانییدا بەشداریکردووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی رۆشنبیریی سەیدسادق، بەچاودێریی قایمقامیەتی سەیدسادق، بەبۆنەی یادی رۆژی جیهانیی سینەماوە، فلمی کوێستانی قەندیل نمایشدەکرێت.

Image may contain: 3 people, text