ئەمەل سەعید کوردە؛ کوردپەروەرەکان خۆیان لێکردمە ئاپۆ

2021-05-12

6849 جار خوێندراوەتەوە

+ -

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەمەل سەعید کوردە بەهۆی گۆرانییەکی کە بۆ قودسی وتووە، رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، لە وەڵامدا نوسیوویەتی"کۆپلەیەکم بۆ قودس وت، کوردپەروەرەکان  خۆیان لێکردمە ئاپۆ".

ئەمەل سەعید کوردە لەسەر ئەو کۆپلە گۆرانییەی کە بۆ قودسی وتووە بەشێک لە هەوادارەکانی رەخنەیان لێگرتووە کە دۆزی کورد زۆرن و پێویست ناکات خەمی عەرەبی بێت، لە وەڵامدا ئەو خانمە هونەرمەندە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەیدا هاتووە، لەسەر بودجەی خۆی کاری بۆ قەندیل و کۆبانێ و کەرکوک و زۆرێک لە نەهامەتییەکانی کورد کردووە، لە کڵێسا و هۆڵەکانی زانکۆ کۆنسێرتیان کردووە، هەروەک نوسیوویەتی "کۆمەکمان بۆ پێشمەرگە کۆکردووەتەوە بەڵام تۆ بە کۆمێنتێکیش بەشدار نەبوویت، ئێستا خێرە خۆت لێکردووم بە کوردپەروەر و بێڕێزی دەکەیت؟".

لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەیدا هاتووە " سروودی ئەی ڕەقیب و نەورۆزمان لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیا وت ڕەخنەتان دەگرت، ڕێپێوانمان کرد بۆ پشتیوانی لە دۆزی کورد دەتان وت بۆ خۆدەرخستن وا دەکەن، کە پۆستێکم لەسەر کورد دەکرد دەتوت بەس قسەت لەبارە کردارت نییە، ناچار بووم وێنەم لەناو ئاپۆرای ڕێپێوانەکە لەکۆمێنتدا دابنێم تا باوەڕبکەن، گۆرانیم بۆ ژن و جیهانی پیاو وت ئیسلامییەکان پیاما هەڵشاخان، کۆپلەیەکم بۆ قودس وت، کوردپەروەرەکان  خۆیان لێکردمە ئاپۆ".

ئەم ڕوونکردنەوەی ئەمەل بەهۆی ئەو کۆپلە گۆرانییەوە بووە کە بۆ قودسی وتووە، جێگەی باسە ئێوارەی دوێنێ ئەم خانمە هونەرمەندە کۆپلەیەک گۆرانی بۆ قودس وتووە، کە ماوەکەی خولەکێک و ٤٤ چرکەیە، وەک هاوخەمییەک بۆ ئەو دۆخەی ڕووبەڕووی قودس و خەڵکەکەی بووەتەوە.

ئەمەل سەعید کوردە یەکێکە لە خانمە هونەرمەندە دیارەکان، لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، لە سلێمانی ژیاوە و دەرچووی بەشی میوزیکی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانییە، لەتەمەنی ١٧ ساڵیدا یەکەم بەرهەمی لە تیڤی پەخشکراوە، نزیکەی ٣٠ بەرهەمی تۆمارکراو و ئەلبومێکی بڵاوکراوەی هەیە و داهاتی ئەلبومەکەی بەخشیوەتە نەخۆشانی تالاسیمیا، لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی بەکالۆریۆسی هونەری لە لەندەن بەدەستهێناوە.

ئ.ل

گۆرانییەکەی کە بۆ قودسی وتووە:

ئ.ل