شاناز و نەڤید پێکەوە کلیپێک بڵاودەکەنەوە

2021-05-11

13528 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ نەڤید زەردی و شاناز پێکەوە کلیپی گۆرانی بەناوی "کوردە" بڵاودەکەنەوە.

نەڤید زەردی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، سبەینێ کاتژمێر هەشتی شەو بەکاتی کوردستان کلیپە نوێکەیان بەناوی "کوردە" بڵاودەکەنەوە.

گۆرانی "کوردە" دووەم بەرهەمی ئەم دوو هونەرمەندە دەبێت کە لەم ساڵدا پێکەوە بڵاوی دەکەنەوە، پێشتر لە ٢٥ شوباتی ئەمساڵ دوێتێکیان بڵاوکردەوە بەناوی "شەرم مەکە" کە لە ماوەیەکی کەمدا بینەرێکی زۆری هەبووە.

ڤیدیۆ کلیپی شەرم مەکە لە ئێستادا لە یوتیوب زیاد لە چوار ملیۆن بینەری هەیە و یەکێکە لە پڕ بینەرترین کلیپەکانی ئەمساڵ.

نەڤید زەردی خەڵکی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و توانیویەتی لە رێگەی گۆرانییەکانییەوە هەوادارێکی زۆری هەبێت، کۆمەڵێک ڤیدیۆ کلیپ و گۆرانی تۆمارکراوی هەیە، جگە لەوەش چەندین کۆنسێرتی لە شارە جیاوازەکان سازکردووە.

شاناز زاهیر کە پێشتر بە لۆکە زاهیر ناسرابوو، یەکێکە لە گۆرانیبێژەکانی کوردستان و ماوەی چەند ساڵێکە کاری هونەری دەکات، جگە لە کوردی بە زمانی عەرەبی و فارسی گۆرانی وتووە، خاوەنی ئەلبووم و چەندین کلیپ و گۆرانی تایبەت بە خۆیەتی.

May be an image of 2 people and text