پسپۆڕان هۆشداریی دەدەن کە کۆمەڵێک کەس نابێت بە هیچ شێوەیەک تەماتە و گوێزەر بخۆن

2021-05-11

13369 جار خوێندراوەتەوە

+ -

شارەزای بواری خۆراک ئاشکرای دەکەن، گوێزەر و تەماتە سەرچاوەی سەرەکی دژە ئۆکسانن، کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستیی جەستە، بەڵام سوودەکانی ئەم دوو خۆراکە کۆمەلێک کەس ناگرێتەوە.

بەگوێرەی پسپۆرانی بواری خۆراک تەماتە و گوێزەر خانەکان چالاک دەکەن بە جۆرێک رێگر دەبن لە خاوبوونەوەی نیشانەکانی پیریی لە جەستەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ کەسانی جگەرەکێش نەگونجاوە، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی پزیشکی کە لە ماڵپەڕی میدیک فۆریومی ڕوسیدا بڵاوکراوەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، توێژەران ئەوەیان خستووەتە روو ماددەی شێرپەنجەیی لە جگەردا بوونی هەیە کە لە توانایدایە ماددەی ئەلبێتا کارۆتین کە لە زۆربەی سەوزە و میوەکاندا هەیە بگۆڕێت و ببێتە ماددەیەکی ژەهراوی بۆ جەستە، لەوانەش گوێزەر و تەماتە.

هەربۆیە پسپۆڕانی بواری خۆراک هۆشداریی بەکەسانی جگەرەکێش دەدەن، تاکو لە توانایاندایە بڕی خواردنی تەماتە و گوێزەر کەمبکەنەوە، ئەگەر دەتوانن بە تەواوی لە سیستمی خۆراکییاندا دەریبکەن و چیتر تەماتە و گوێزەر نەخۆن.

سەبارەت بەو کەسانەی جگەرە کێشنین، پسپۆران ئامۆژگارییان دەکەن خواردنی تەماتە و گوێزەر زیاد بکەن، چونکە ماددەی ئەندامی ئەلبێتا کارۆتینی تێدایە کە یارمەتی مانەوەیان دەدات بە گەنجی، واتە خاوەنی جەستەیەکی گەنج و چالاکدەبن، لەهەمان کاتدا سیستمی بەرگریی جەستە بەهێز دەکەن.

پێشتریش ئۆلگا کۆرابیلۆفا پسپۆڕی خۆراکی ڕوسی رایگەیاند بوو، ئەو کەسانەی گرفتی سستی جگەریان هەیە خۆیان لە خواردنی گوێزەر بەدوربگرن، چونکە لەم حاڵەتەدا جەستە بەباشی توانای مژینی ماددەی کارۆتینی نابێت، لەهەمان کاتدا ئەوانەشی بەدەست گرفتەکانی دڵە کزە و گرژی ڕیخۆڵە و هەوکردنی گەدە و بەکتریای گەدەوە دەناڵێنن خۆیان لە خواردنی گوێزەر بەدوربگرن.

ئ.ل