شێوازی ئامادەکردنی گیپە

2020-11-29

13772 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گیپە یەکێکە لەو خواردنانەی زیاتر لە کەشی سارددا دەخورێت و خەڵکێکی زۆر ئارەزووی خواردنی دەکەن، دەتوانرێت بە جیا لەگەڵ سەروپێ ئامادەبکرێت.

کەرەستەکانی:

ورگی ئاژەڵ "پاککرابێت"

برنجی خڕ "یەک گیپە نیو پەرداخ برنجی دەوێت"

خوێ و زەیت بەپێی ئارەزوو

گوێز و بادەم و کشمیش

قیمە

ئاڵەتی ڕەش و مێخەکی نەکوتراو

زەردەچەوە و دەرمانی سەروپێ

پیاز

ئاو

ئامادەکردنەکەی:

سەرەتا قیمەکە لەناو ڕۆندا لەگەڵ پیاز سوری دەکەینەوە و ئاڵەت و خوێی تێکەڵ دەکەین.

بادەم و کشمیش و گوێزەکە لە ناو تاوەیەکی بچوکدا لە بڕێک ڕۆندا سوری دەکەینەوە.

برنجەکە دەشۆینەوە و زەردەچەوە و بەهاراتی سەروپێ و مێخەک و ئاڵەتی ڕەشی تێکەڵدەکەین، دواتر ورگەکە بە مقەست یاخود چەقۆ کەرت دەکرێت و لاکانی دەدورێتەوە تەنها کونێکی بچوک دەهێڵرێتەوە، بۆ ئەوەی برنجەکەی تێبکرێت.

برنجەکە بادەم و کشمیش و گوێز و قیمە سورکراوەکەی تێدەکرێت، بۆ هەر گیپەیەک نیوەی برنجی تێدەکرێت تا لەناو ورگی ئاژەڵەکەدا برنجەکە جوان خۆی بکێشێت و تۆپەڵ یان ڕەق دەرنەچێت، پاشان سەرەکەی دەدورینەوە.

ئاوی بۆ دەکوڵێنی و زەردەچەوە و کەمێک خوێ و بەهاراتی سەروپێی تێدەکرێت، پاشان بە هێواشی گیپەکان دەکرێنە ناوی، لەسەر ئاگرێکی بەهێز دەبێت تا دەکوڵێت، کاتێک هەست کرد گیپەکان نەرمبووە و کوڵاوە لەسەر ئاگر دادەگیرێت.

بۆ زانینی کوڵاوی گیپەکان (بە پەنجەیەک کەمێک فشار بخەرە سەر گیپەکە ئەگەر دەستت چوو بە ناویدا واتە کوڵاوە و جیڕی نەماوە)، لەدوای کوڵانی لەناو ئاوەکە دەربهێنرێت تا برنجەکەی ناوی زۆر نەرمنەبێتەوە، لە کۆتاییدا ئامادەی خواردن دەبێت.