کاردینا لە بەغدا خەڵاتی باشترین فیلمی بردەوە

2020-11-29

8485 جار خوێندراوەتەوە

+ -

خانمە ئەکتەر و دەرهێنەر کاردینا هێمن بە فیلمی هاوارێک بۆ ژیان خەڵاتی باشترین فیلمی دیداری سینەما لە نیگای ژندا لە بەغدا بردەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کاردینا هێمن ئاماژەی بەوەکرد، فیلمی هاوارێک بۆ ژیان نوێترین بەرهەمی ئەوە وەک دەرهێنەر، لە یەکەمین نمایشیدا فیلمەکە خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێناوە.

کاردینا لەبارەی ناوەرۆکی فیلمەکە دەڵێت "فیلمەکە  باس لە توندوتیژی بەرامبەر ئاژەڵان و پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵان دەكات،  هەڵگری پەیامێكی جوانە بۆ پێكەو ژیان و راگرتنی توندوتیژی بەرامبەر ئاژەڵان."

 فیلمی(barking for life)  لە سیناریۆ و دەرهێنانی کاردینا هێمن، لەلایەن بڕیار بەختیارەوە کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، هەریەک لە "هەژیر رزگار، محەمەد گەرمیانی، تەها سلێمان و رێناس ساڵح" وەک ئەکتەر لەم فیلمەدا رۆڵدەبینن، ماوەی فیلمەکە ١٠ خولەکە، بڕیارە لە فێستیڤاڵەكانی ناوخۆ و دەرەوە نمایش بکرێت.

 كاردینا هێمن ماوەی ١٢ ساڵە وەك ئەكتەر و دەرهێنەر لەبواری سینەماو درامادا كاردەكات، كارەكانی بەشداری فێستیڤاڵەكانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانی كردووە، جگە لەوەی وەک ئەکتەر لەچەندین فیلم و درامادا رۆڵی بینیوەو خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی پێبەخشراوە، كاری دەرهێنانی بۆ سێ كورتە فیلم كردووە، ئەوانیش"كورتە فیلمی حەیات، كورتە فیلمی بۆنی خوێن، کورتە فیلمی هاوارێک بۆ ژیان" هەریەک لەم فیلمانە لە فێستیڤاڵەکاندا چەندین خەڵاتیان بەدەستهێناوە.