کامیان زیاتر بەرگەی جیابوونەوە دەگرن پیاو یان ژن؟

2020-11-28

23382 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مەرج نییە هەموو کات پرۆسەی هاوسەرگیریی سەرکەوتووبێت، هەندێک کات جیابوونەوە ڕوودەدات کە ئەمەش بۆ ژن و مێرد یان یەکێکیان زیاتر ئازار بەخش دەبێت، بەڵام ئایا هەریەکە لە ژن و پیاو چۆن لەگەڵ ئازاری جیابوونەوە ڕەفتار دەکەن؟ توێژینەوەیەک وەڵامی ئەو پرسیارەی ئاشکراکردووە.

ماڵپەڕی دی دەبلیو لەوبارەیەوە نوسیوویەتی، بەگوێرەی توێژینەوەی زانایانی زانکۆی بینگامتۆن لە ئەمریکا و زانکۆی لەندەن لە بەریتانیا، ژن و پیاو هەر یەکەیان بە ڕێگەی جیاواز ڕەفتار لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەکەن، ژنان لە ڕووی دەروونیی و جەستەییەوە ئازاریان توندترە، بەڵام پیاوان لە ڕووی قبوڵکردنی کۆتایی پەیوەندییەکە ئازارەکەیان توندترە.

لە توێژینەوەکەدا ڕوونکراوەتەوە، ئازارەکانی ژن لەروی دەروونی و جەستەی زیاترە و کاریگەریی نەرێنی لەسەریان دروست دەکات، بۆ پیاوان ئارامترێکە لەو ڕووەوە، بەڵام ناڵاندنی بۆ جیابوونەوەکە زیاتر درێژە دەکێشێت و لە ڕووە گشتییەکەیەوە کاریگەریی تەواوی لەسەر دروست دەکات و ئازارەکەی زیاتر و درێژترە.

لە توێژینەوەکەدا زیاتر لە پێنج هەزار و ٧٠٥کەس لە ٩٦ وڵاتی جیاوازدا تێیدا بەشداربوون، توێژەران داوایان لە بەشداربووەکان کردووە ئەو ئازارەی بەهۆی جیابوونەوەوە توشیان بووە لە ژمارە یەکەوە  بۆ ١٠ پێوانە بکەن.

گریگ مۆریس سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە وتوویەتی "گومانی تێدا نییە پیاوان بۆ ماوەیەکی زۆرتر و قوڵتر هەست بە ئازار و شکستێکی زۆر دەکەن، بە جۆرێک کە دەبێت لەسەرەتاوە و لەدوای شکستەکە دووبارە دەستپێبکەنەوە".

ئ.ل