چۆنییەتی ئامادەکردنی کفتەی بڕوێش

2020-11-28

30672 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کفتە بە بڕوێش وەک خواردنی ژەمێکی سەرەکی ئامادەدەکرێت، بە بڕوێش یان بە برنج ئامادە دەکرێت، لێرەدا چۆنییەتی ئامادەکردنی کفتە بە بڕوێش دەخەینە ڕوو:

کەرەستەکانی:

یەک کیلۆ بڕوێش

نیو پەرداخ ساوەری ورد

یەک کیلۆ قیمە

یەک دەسک کەرەوزی وردکراو

دەرمانی کفتە

ڕۆن و خوێ

دوو سەلک پەتاتەی وردکراو

دۆشاوی تەماتە

زەردەچەوە و کاری و بیبەری سوری هاڕاو

دەسکێک سڵقی وردکراو

ئاو

ئامادەکردنەکەی:

سەرەتا بڕوێش و ساوەرەکە لە دەفرێکدا تێکەڵدەکرێت لەگەڵ بڕێک خوێ بۆماوەی کاتژمێرێک دادەنرێت تا جوان دەخوسێت، دەتوانیت جار جار دەستی تێبخەیت و تێکی بدەیت تا بەجوانی نەرم دەبێت.

پیازەکە لە تاوەیەکدا لەناو ڕۆن کەمێک سوربکەرەوە و قیمەکەی تێبکە دوایی سێ خولەک کەرەوز و دۆشاوی تەماتە و دەرمانەکان و پەتاتە و کشمیش و بادەم و گوێزەکەی تێبکە تا پێکەوە جوان سوردەبنەوە، پاشان لەسەر ئاگر دادەگیرێت و دادەنرێت تا سارد دەبێتەوە.

کە بڕوێش و ساوەرەکە ئاوەکەیان هەڵچنی جوان بیشێلە تا دەبێتە هەویر، دواتر پارچەی خڕ خڕ دەکرێت یان بەو شێوەی کە خۆت دەتەوێت، بۆهەر پارچەیەک دوو کەوچکی چێشت ناواخنەکەی تێ دەکرێت، لەگەڵ خڕکردنی کەمێک دەست بە ئاو تەڕبکە تاوەکو بەدەستەوە نەنوسێت و هەڵنەوەشێت.

بۆ دروستکردنی شۆرباکەی دەبێت سڵقە وردکراوەکان لەناو مەنجەڵێک و بڕێک ڕۆندا کەمێک سوربکرێتەوە ، پاشان  دۆشاوی تەماتە و خوێ و کەمێک کشمیش و ئاوی تێدەکرێت، دوای ئەوەی پێکەوە کوڵان وردە وردە کفتە ئامادەکراوەکانی تێدەکرێت و سەری دادەپۆشرێت.

بۆماوەی زیاتر لە ٣٠ خولەک لەسەر ئاگرێکی مامناوەند دادەنرێت تا جوان پێکەوە دەکوڵێن، پاش کوڵانی لەسەر ئاگر دادەگیرێت و لەگەڵ سەوزە و دۆ پێشکەش دەکرێت.