گۆرانییەکی حەسەن زیرەک کە لە زینداندا تۆمارکراوە بڵاوکرایەوە

2020-11-28

17830 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی، گۆرانییەکی هونەرمەند حەسەن زیرەکی بڵاوکردەوە کە لە زینداندا وتوویەتی.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی ئاماژەی بەوەکرد، گۆرانییەکە تازە بڵاوکراوەتەوە، کەسێک لای خۆی پاراستوویەتی و بۆ ئەوی ناردووە بۆ ئەوەی بڵاویبکاتەوە.

گۆرانییەکە لەزینداندا وتراوە، حەسەن زیرەک لە تێکستی گۆرانییەکەدا باس لە دۆخی ژیانی خۆی دەکات، کە چۆن لەدەرەوە خەڵکی زۆر بەدەوریدابوون و ئەوکاتەی لەزیندان بووە بێکەس کەوتووە، لە تێکستی گۆرانییەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دەستی بەستراوە و دەیبەن بۆ بەغدا.

پێشتریش دەنگی بڵاوکراوەی هەیە، کە خۆی باس لەو کاتە دەکات کە لە عێراق دەستگیرکراوە و ئازاریانداوە و لەزینداندا سوکایەتییان پێکردووە.

تێکستی گۆرانییەکە

تا لەدەر بووم دۆس بەمردن رێێ نەبوو بکات سڵاو

گەر گیرام و کەوتمە زیندان وەک ئاگری ئاوپیاکراو

ئاخرین بەستە و مەقامم وا لە لێو جاری دەکەم

موسەجیلی شانەی مەرگە کۆچی یەکجاری دەکەم

رەورەوەی عومرم بەسورعەت هات تێپەڕی

موی سپیم نیشانەی مەرگە پەردەی حیجابی دڕی

دەستم فێربووە بەبازنەی ئاسن ماشینی قەفەز دەمبا شنەشن

ئەمبەن بۆ بەغدا لە کوێ مەخسەدە و ماچی بکەن لە من

هەر لەگەنجی تا بەپیری قەد دڵم بێ غەم نەبوو

برای گیانیم دوژمن بوو ئەویش دۆستم نەبوو

گەردشی ئەم چەرخە کۆنە قەد لەمن غافڵ نەبوو

نە لە ئێران و نە لە عێراق ئاسودەنەبووە، حکومەتی ئێران کێشەی زۆری بۆ درووستکردووە، ڕێگەیان نەداوە لە ڕادیۆ تاران بەردەوام بێت، دوای ئەوە رووی لە عێراق کردووە، لە بەغداد دەستبەسەر کراوەو لە بەندیخانە ئەشکەنجەیانداوە، وەک خۆی دەیگێڕێتەوە کە لە زیندان ھەڵیانواسیوە و لێیانداوە، پاش ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، بەڵام لە ئێرانیش ساواک دەیگرن و ئەشکەنجەی دەدەن، زیرەک چۆنییەتی ئەشکەنجەکان دەگێڕێتەوە.

حەسەن زیرەک یەکێکە لە گۆرانیبێژە ناودارەکانی کورد، لە ساڵی ١٩٢١ لە شاری بۆکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بە بولبولی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە، بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردی کە بە دەنگی ئەو وتراون، بەھۆی گۆرانییەکانییەوە ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە، پاش چەندین ساڵ لەتۆمارکردن و بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکانی تا ئێستاش خەڵکی بەتامەزرۆییەوە گوێیان لێدەگرن و چەندین گۆرانیبێژیش گۆرانی و ئاوازەکانی دەڵێنەوە، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆی کرماشان کاری کردووە، لەو ماوەیەدا لەگەڵ میوزیکژەنە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە (موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەکبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەکی) کاری کردووە و کە بەوهۆیەوە چەندین بەرهەمی هونەری ناوازەی تۆمارکردووە، لە ٢٦ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٢ لەتەمەنی٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، لە سەر وەسیەتی خۆی لە دامێنی کێوی ناڵەشکێنە، لە نزیک بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێژراوە و تا ئێستاش هەوادارانی گۆرانییەکانی سەردانی گۆڕەکەی دەکەن.