لە ڕێگەی کلیپێکەوە هاوکاریی بۆ هونەرمەندێکی کەمدەرامەت کۆدەکرێتەوە

2020-11-26

4105 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەندێک لە ڕێگەی کلیپە نوێیەکەیەوە لەژێر ناوی "هونەر لە پێناو مرۆڤایەتی"دا، هاوکاری مرۆی بۆ هونەرمەند "ڕەشۆ زیرەک" کۆدەکاتەوە.

کاروان حەمید حەلاق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نوێترین کاری بەرهەمێکە بە ناوی(هونەر لە پێناو مرۆڤایەتی)دا کارێکی خێرخوازییە و داهاتەکەی وەک هاوکارییەک دەبەخشرێتە هونەرمەند (ڕەشۆ زیرەک).

ئاماژەی بەوەکردووە، بیرۆکەی کارەکەی لەلایەن خۆی و بافڵ سەرهەنگی هونەرمەندەوە بووە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی خزمەتێکی کەمی هەژاران بکەن و لە ڕێگەی هونەرەوە ژیانێکی باشتری بۆ بڕەخسێنین، هەروەک وتوویەتی  "تێچووی ئەم کارەشم هەمووی لە سەر ئەستۆی خۆم بووە".

کاروان ئاشکرایکردووە، تۆمارکردنی ئەم کارەی لە ستۆدیۆی یاد میدیا بەرهەمهاتوە، چەند هونەرمەندێکی بیانی هەریەکەیان بە ئامێرێکی جیاواز تێیدا بەژدارن.

وتیشی "کارەکە زەحمەتی زۆری ویستووە، چونکە نزیکەی پێنج مانگ تێکەڵی ئەو کەسانە بووم کە بێماڵ و حاڵن بۆئەوەی لە نزیکەوە لە بارودۆخیان ئاگاداربم".

ڕونیشیکردەوە، کارەکە لە تەواو بووندایە و بەم نزیکانە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام چاوەڕێی سپۆنسەرم بۆ ئەوەی زۆرترین داهات کۆبکەمەوە بۆ ئەوەی پێشکەشی(رەشۆ زیرەکی) بکەین و هاوکاری بکەین.

ڕەشۆ زیرەک هونەرمەندێکی دیار و کەمدەرامەتە و زیاتر ئامێری ساز دەژەنێت و لە هەولێر نیشتەجێیە.

کاروان حەمید حەلاق یەکێکە لە هونەرمەندە لاوەکانی بواری گۆرانی و مۆسیقای کوردی کە جگە لەکاری هونەری هاوبەش و بەشداری کردنی لە چەندین کۆنسێرت و فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، خاوەنی چەندین کاری ڤیدیۆکلیپی تایبەت بەخۆیەتی و لە ئێستاشدا لە دەرەوەی کوردستان ژیان بەسەردەبات.

ئ.ل