نوسەرێکی بەناوبانگی کورد کۆچی دوایی کرد

2020-10-25

14039 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەیانی ئەمڕۆ نوسەری دیاری کورد کاکەم مەم بۆتانی لەتەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

عەبدولڕەحمان فەرهادی سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نوسەرانی کورد، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، رایگەیاندووە بەیانی ئەمڕۆ نوسەری دیاری کورد و سەرۆکی مەڵبەندی گشتی یەکێتی نوسەرانی کورد (کاکەمەم بۆتانی) بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

کاکەمەم بۆتانی ناوی تەواوی (کاکەمەم فەخری سامی)یە، لە١٠ی١ی ١٩٣٧لە شاری (کۆیە) لە دایک بووە، دەرچووی زانکۆی بەغدادە، سەرەتای چیرۆکنووسینی رێبازی (ریالیستی) گرتووە و بەرەو رێبازی (ریالیستی رەخنەگرانە) چووە، یەکەم چیرۆکی لەساڵی (١٩٥٧) بڵاوکردەتەوە، کە بەرای هەندێ رەخنەگر سیمایەکی نوێی پێوە دیار بووە، لە ناوەڕاستی (حەفتاکانەوە) ریالیستی رەمزی کردۆتە رێباز و رۆمانەکانی (ریالیستی سیحری) بە خۆیەوە دەگرێ، ماوەی (حەوت) ساڵ (ڕاوێژکاری رووناکبیری) بووە لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی مەڵبەندی گشتی یەکێتی نووسەرانی کورد و ئەندامی یەکێتی ئەدیبانی سوید بووە، هاوکات خاوەنی زیاتر لە ١٥ کتێبی ئەدەبیە لە بوارەکانی کۆمەڵە چیرۆک و کورتیلە چیرۆک رۆمان و ژیاننامە.

کوردیپێدیا - کاکەمەم بۆتانی