ڤیدیۆ.. منداڵێکی تازە لەدایکبوو شەش کاتژمێر لە ساردکەرەوەدا دانرا کە دەرهێنرا زیندوو بوو

2020-10-24

16889 جار خوێندراوەتەوە

+ -

منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە مەکسیک بەبێ ئەوەی بزانرێت زیندووە، خرابووە ساردکەرەوەی تایبەت بە مردووان کە شەش کاتژمێر تێیدا مابووەوە، دواتر کە دەرکراوە بینراوە زیندووە.

روسیا تودەی لەو بارایەوە نوسیوویەتی، لە رووداوێکی دەگمەندا لە نەخۆشخانەی لا مارگریتا لە شاری بویبلا لە مەکسیک منداڵێک بەبێ ئەوەی پێشوەختە پشکنینی بۆ بکرێت خراوەتە ساردکەرەوەی تایبەت بە مردووان.

لە راگەیەنراوی نەخۆشخانەکەدا هاتووە، ئەو منداڵە کە ناوەکەی ئاشکرانەکراوە پێش وادەی خۆی لەدایکبووە و لە هەفتەی ٢٣دا بووە، هیچ نیشانەیەکی ژیانی تێدا نەبووە، کاتژمێر چواری بەیانی هەواڵی مردنی راگەیەنراوە و خراوەتە ساردکەرەوەی مردووان لە نەخۆشخانەکە.

کاتژمێر ١٠ی بەیانی یەکێک لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە سەر بە نوسینگەی ناشتنی مردووانی تایبەت بە منداڵە تازە لەدایکبووەکان، کاتێک لە ساردکەرەوەکە دەریهێناوە بینیویەتی کە زیندووە و هەناسە دەدات.

لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، باوکی لەگەڵ منداڵەکەدایە و دەگری و داوا لە منداڵەکەی دەکات کە بەهێزبێت و لە ژیاندا بمێنێتەوە.

ئەو باوکە کە دەنگی لە ڤیدیۆکەدا دەرچووە بە کوڕە تازە لەدایکبووەکەی دەڵێت، "ئەوە من لەگەڵتم، بچکۆلانەکەم بەردەوامبە لە بەرگریکردن و مانەوە، من خۆشمدەوێیت".

ئەو باوکە دەپاڕێتەوە و دەڵێت، "خوایە گیان بچکۆلانەکەم بپارێزە و لە ژیاندا بیهێڵەوە. "

ئ.ل