کێشەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و هونەرمەند سالار مەحمود بەکوێ گەیشت؟

2020-10-24

61082 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەهۆی بوونی کێشەیەک لە نێوان فرۆکەخانەی سلێمانی و هونەرمەندی گۆرانیبێژ سالار مەحمودەوە، هەردوولا ڕوونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

هونەرمەند سالار مەحمود لە گرتە ڤیدیۆکەدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و تێیدا هاتووە "بەداخەوە چەند کارمەندێک لەسەر پاسپۆرت دانراوە کە گێچەڵ بە ئافرەتانێک دەکەن بەتایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات هاتوونەتەوە، بە چاوی خۆم بینومە چۆن ئەزیەتیان دەدەن و بە درۆ پێی دەڵێن پاسپۆرتەکەتان تەزویرە، شەرم لە خۆتان بکەن".

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە رەفتاری ئەو کارمەندانە ناشرینە بەرامبەر بە خەڵکی، تکادەکات ئەو کەسانەی ئەو رەفتارانەیان لە کارمەندەکان بینی سکاڵا تۆماربکەن، داوا دەکات ئەم رەفتارانە وازلێبهێنرێت، ئەوکەسانە لەو شوێنانە دابنرێت کە زمان بزانێت و بڕوانامەی بەرزیان هەیە، کەس هەیە لەو شوێنانە کە زمان نازانێت.

لەبارەی وتەکانی هونەرمەند سالار مەحمودەوە بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی تەواوی قسەکانی ئەو هونەرمەندە ڕەت دەکاتەوە و ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و لە هەمان کاتدا بە گرتە ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە،  سەرلەبەری ئەو قسانەی ناوبراو رەت دەکەنەوە، بە هەموولایەكی ڕادەگەیەنن ئەوەی هونەرمەندی بەڕێز( سالار مەحمود) باسی دەكات، ڕێكاری یاساییە و لەبەرامبەر هەموو گەشتیارەكاندا جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوەیە لە ساختە نەبوونی بەڵگەنامەكانی گەشت كردن و خاوەنی ڕاستەقینەی بەڵگەكە، كە ئەمەش لە سەرجەم فڕۆكەخانەكانی جیهان پەیڕەو دەكرێت و بەیاسا ڕێكخراوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاشکرایانکردووە، كارمەندانی فڕۆكەخانەكانەكان ڕێگایان پێدراوە لێكۆڵینەوەی تەواو لە بەڵگەنامەكان و خاوەنەكەی بكەن، بۆیە ئەمە گێچەڵ نیە، بەڵكو ڕێكاری یاساییە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی نشینگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، قسەكانی هونەرمەند(سالار محمود) لە كاتێكدایە كە هەفتەی پێشوو ئافرەتێك كە کچی هونەرمەندی ناوبراوە هونەرمەندەیە، لە كاتی گەشت كردندا لە فرۆكەخانەی سلێمانی بۆ بەراورد كردنی نێوان وێنەی سەر پاسپۆرتەكە و خۆی داوا كراوە دەمامكەكەی لابەرێت، بەڵام كچی هونەرمەند (سالار محمود) سوكایەتی بە ئەفسەران و كارمەندەکانیان كردووە، لەوەش زیاتر لە نێو تەرمیناڵ سوكایەتی و بیڕێزی بە كارمەندانی بەشەكانی دیكەی فرۆكەخانە و حكومەتی هەرێم  كردووە، بۆیە لە بنكەی نشینگەی فڕۆكەخانە سكاڵای یاساییان لەسەر هونەرمەند ( سالار مەحمود) تۆماركردووە، داوا دەكەن تۆمەتەكانی لە دادگا بسەلمێنێت، لەگەڵیدا بەڵگە و داتا دەخەنە ڕوو سەبارەت بەو کێشەیە.

ئ.ل