وەزارەتی رۆشنبیری: ژمارەی سپاردنی کتێب بەشێوەی مەرکەزی دەبێت

2020-09-27

1476 جار خوێندراوەتەوە

+ -

 وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم لە فەرمانێکی وەزاریدا رایگەیاندووە، کە لەمەودوا ژمارەی سپاردنی کتێب دەبێت بە لیژنە و بەشێوەیەکی مەرکەزی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکانەوە مۆڵەتی پێدەدرێت.

لە فەرمانێکی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە رێککەوتی ٢٤ی ئەم مانگە و واژۆی حەمە حەمەسەعید، وەزیری وەزارەتی ناوبراوی بەسەرەوەیە هاتووە، "پاڵپشت بە رێنمای ژمارە (٦) ساڵی (١٩٩٩)ی وەزارەتمان، کە تایبەتە بە پێدانی ژمارەی سپاردن بۆ چاپکردنی کتێب، بێگومان پێدانی ژمارەی سپاردن ئەرکێکی گەورە و لێپرسراویەتی رۆشنبیریی ئەخلاقییە. بۆیە لە دوای دەرچوونی ئەم فەرمانە بە شێوەیەکی مەرکەزی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکانەوە دەدرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، "پێویستە ئەم ئەرکە زۆر بە گرنگی و بایەخپێدانەوە جێبەجێبکرێت و تیایدا رەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەها پیرۆزەکان بکرێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی پاراستنی بەها و هێما پیرۆزەکان تێکنەدات".

هەر لە فەرمانە وەزارییەکەدا هاتووە، "بۆیە بڕیارماندا پێش پێدانی ژمارەی سپاردن، لەلایەن لیژنەیەیەکی شارەزای ئەو بوارەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوبراو پێداچونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کتێبەکان بکرێت و دواتر ژمارەی سپاردنیان پێبدرێت و ئەم فەرمانەش لە ڕۆژی دەرچوونی جێبەجێ دەکرێت".

ئەم فەرمانەی وەزارەتی رۆشنبیری کاردانەوەی جیاوازی هاوڵاتیان و نوسەران و مامۆستایانی زانکۆی لێکەوتەوە و لەوبارەیەوە، کامیل عومەر مامۆستای زانکۆی سلێمانی بەشی راگەیاندن دەڵێت، "لە سەردەمی حکومڕانی ڕژێمی بەعسدا،  لیژنەیەکی چاودێری پێکھاتوو لە وەزارەتەکانی راگەیاندن و رۆشبیری، چاودێری و سانسۆری پێشوەختی بەسەر کتێب و بڵاوکراوە و دەقە شانۆیێەکاندا جێبەجێدەکرد و ئینجا ژمارەی سپاردن و ڕەزامەندی بڵاوکردنەوەی پێدەبەخشین. ئەم فەرمانەی وەزارەتی ڕۆشبیری ھەرێمی کوردستانیش، ھەمان سانسۆری پێشوەختەیە کە بڕیاری دروستکرنەوە و گەڕێنراوەی دراوە".

چاودێرێکی دۆخی هەرێمیش باس لەوە دەکات، "سەرباری ئەم بڕیارە سەقەتە دیارە جەنابی وەزیر بێ ئاگایە لەوەی کتێبی ئێستا پێویستی بە ژمارەی سپاردن و چاپخانە و کتێبخانەش نییە! بێبەرامبەر و لە فایلێکی پی دی ئێفدا دەتوانیت بیگەیەنیت بە ملیۆنەها خوێنەر بە کلیکێک".