دوای ئەوەی هاوسەرەکەی لەدەستدا لەرێگەی لافیتەیەکەوە بەدوای هاوڕێدا دەگەڕێت

2020-09-20

3038 جار خوێندراوەتەوە

+ -

وێنەی پیاوێک بەڕاددەیەکی زۆر بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە کە بە شێوەی لافیتەیەک لەسەر پەنجەرەی ماڵەکەی ریکلامێکی نوسیوە کە تێیدا داوا دەکات هاوڕێ بناسێت، چونکە هەست بە تەنیایی دەکات دوای مردنی هاوسەرەکەی.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژە بەوەکراوە، تۆنی ویلیامزی تەمەن ٧٥ ساڵ لەسەر پەنجەرەی ماڵەکەی لە بەریتانیا نوسیویەتی: "تۆم لەدەستدا، هاوسەرە خۆشەویستەکەم و پارچەکەی رۆحم، هاوڕێم نییە و خێزانیشم نییە، هیچ کەسێک نییە بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵدا بکەم".

هەروەها نوسیویەتی: "لەماوەی ٢٤ کاتژمێری تەواودا بەبێ دەنگی دەمێنمەوە و ئەمەش بەرگە ناگیرێت، ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت یارمەتیم بدات؟".

ویلیامز لە مانگی ئایاری رابردوودا هاوسەرەکەی لەدەستداوە، دوای ئەوەی کە توشی شێرپەنجە بووە، ئەم دوانە هیچ منداڵێکیان نەبووە و هاوڕێشیان نییە.

دوای مردنی هاوسەرەکەشی ویلیامز هەوڵیدا هاوڕێی تازە بدۆزێتەوە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ریکلامێكەوە لە رۆژنامەیەکی ناوخۆیی، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەکرا، بۆیە هەوڵیدا بێتاقەی بچوک چاپ بکات و بڵاویبکاتەوە، بەڵام ئەوەش بێسوود بوو بۆیە پەنای بردە بەر نوسینی ریکلامەکە لەسەر شوشەی پەنجەرەی ماڵەکەی خۆی و لە ئێستادا بەهیوایە ئەم هەوڵەی سوودێکی هەبێت.