١٠ ڕێگا بۆ پەیداکردنی پارە لەڕێگەی یوتیوبەوە

2020-08-12

4272 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەگەڵ گەشەسەندنی ڕۆشنبیریی دروستکردن و دەستکاریکردنی ڤیدیۆدا، دروستکردنی کەناڵێکی یوتیوب بیرۆکەیەکە کە بە مێشکی زۆربەی گەنجاندا دێت، ئەگەر تۆش یەکێکیت لەو کەسانە، ئەوا ئەم خاڵانە یارمەتییەکی گەورەت دەدەن بۆ دەستپێکردن.

دانانی کەناڵێک و پەیداکردنی پارەیەکی کەم لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە کارێکی ئاسانە و بە زۆرینەی خەڵکی دەکرێت، بەڵام سەرکەوتن لەم کارەدا و پەیداکردنی داهاتێکی باش کەمێک قورسترە و هەوڵ و ماندووبوونێکی زیاتری دەوێت.

بۆ ئەوەی لە ڕێگاکەدا ون نەبیت و کەناڵێکی سەرکەوتووت هەبێت بە بینەرێکی زۆرەوە، ئەوا گرنگی بەم خاڵانە بدە:

١. پلان بۆ ناوەڕۆکی بابەتەکانت دابنێ، واتا پێش دەستپێکردن با لات ڕوون بێت کەی و چی بڵاودەکەیتەوە.

٢. کەرەستەکانی وێنەگرتن و ڤیدیۆ پەیدا بکە، چونکە بە تەنیا مۆبایلێکەوە کارەکەت کەمێک ئەستەم دەبێت.

٣. لە هەموو شوێن و جێگە و ڕووداوێکەوە ئیلهام و بیرۆکە وەربگرە و با بەردەوام دەفتەرێکی تێبینیت پێبێت بۆ نووسینەوەی بیرۆکەی ڤیدیۆکان.

٤. با چرکە بە چرکەی ڤیدیۆکەت بەهای هەبێت، بەم شێوەیە کورت و پوخت دەبێت و کاتی بینەرەکانت بەفیڕۆ نادەیت و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ لات.

٥. بەرنامەیەکی مۆنتاج فێرببە، پێویست ناکات بۆ هەموو ڤیدیۆیەک پەنا ببەیتە بەر بەرنامەی پێشکەوتووی وەک (Final Cut Pro)، دەتوانیت بە بەرنامەی سادەتری وەک (Windows Movie Maker) و (Apple iMovie) کارە ئاسانەکانت ڕاپەڕێنیت و کاتێکی کەمتریش بەخەرج بدەیت.

٦. هەر ڤیدیۆیەک دادەنێیت با ڕوونکردنەوەیەکی باش و کلیکەوشەیان لەگەڵدا بێت، تاکو بینەرەکانت ئاسان بیدۆزنەوە.

٧. لە دەرەوەی یوتیوب کارەکەت گەورە بکە و لای هاوڕێ و دۆستانت باسی بکە، ڤیدیۆکانت لە تۆڕەکانی دیکەش بڵاوبکەرەوە، جگە لەمە، لەگەڵ بەکارهێنەرانی دیکەدا هاوڕێیەتی دروستبکە تاکو بتوانیت سوود لە ئەزموونی چەندین کەس وەربگریت.

٨. بەردەوام پەیوەندیت لەگەڵ بینەرەکانتدا هەبێت و باش بیانناسە، بزانە چیان دەوێت.

٩. تەواوی کۆمێنت و ڕەخنە ڕووخێنەرەکان وەلانێ و بیریان لێمەکەرەوە، ئەم جۆرە گوفتارە نەرێنییانە لەڕێی هەموو بەناوبانگبوونێکدا هەن.

١٠. بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ڤیدیۆ لە یوتیوب بڵاوبکەرەوە، واتا با کاتێکی دیاریکراوت هەبێت، ڕۆژانە بێت یاخود هەفتانە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە بینەرەکانت ڕابێن لەگەڵی، لە کۆتایی هەموو ڤیدیۆیەکیشدا ئاماژە بە خشتەی دانانی ڤیدیۆکانت بدە.

ب.ع