چی بەسەر مێشكتدا دێت ئەگەر هەموو رۆژێك شۆکولاتەی ڕەش بخۆیت؟

2020-08-12

4835 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستی نوێ ئاشکرایکردووە خواردنی شۆکولاتەی ڕەش یارمەتیدەرە لە باشترکردنی تواناکانی مێشك.

لە بابەتێکدا ماڵپەڕی میترۆی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردوە، زانایان لەو بڕوایەدان کە خواردنی شۆکولاتە بە شێوەی رۆژانە دەکرێت سوودی هەبێت بۆ تواناکانی مێشك.

زانایان لە زانکۆی لاکویلا لە ئیتاڵیا ئەم توێژینەوەیەیان ئەنجامداوە و بۆیاندەرکەوتووە، خواردنی کەمێك شۆکولاتە رۆژانە راددەی وریایی و خێرایی بەجێهێنان و توانای مێشك باشتر دەکات و بیرەوەریی بەهێزتر دەکات.

دوو توێژەر بەناوی فالنتینا سوچی و میشێل ڤیرارا لە توێژینەوەکەدا کە گۆڤاری "فرۆنتریز نۆتریشن" بڵاویکردووەتەوە وتوویانە، خواردنی کاکاو و شۆکولاتە بەشێوەیەکی ئاسایی تایبەتمەندیی ئەرێنی لەسەر تواناکانی مێشك دەبێت.

بەگوێرەی توێژینەوەکە ئاماژە بەوەکراوە، ماددەی فلافانۆل کاکاو ئەم سوودە بە مێشك دەگەیەنێت کە لە شۆکولاتەی ڕەشدا هەیە.

توێژینەوەکە پشتی بە داتای کۆمەڵێك کەسانی بەساڵاچوو بەستووە کە بەشێوەیەکی ئاسایی شۆکولاتەی ڕەشیان خواردووە بۆ ماوەی چەند مانگێك، لە کۆتاییدا زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە شۆکولاتە یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی لاوازبوونی زاکیرەیان.

ب.ع