ئایا تەماشاکردنی تەلەفیزیۆن لە نزیکەوە زیانی بۆ چاوەکانت هەیە؟

2020-08-11

3116 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەنێو چەندین ئامۆژگاری جیاوازدا، کە دایکان و باوکان بە منداڵەکانیانی دەدەن، ئامۆژگارییەکی دیاریکراو هەیە کە کەم کەس هەیە نەیبیستبێت، "لە نزیکەوە تەماشای تەلەفیزیۆن مەکە." ئایا ئەم کارە هیچ زیانێکی بۆ چاو هەیە؟

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی نیویۆرک تایمز، تەلەفیزیۆنەکان پێش ساڵانی ١٩٥٠کان چەند ئاستێک تیشکدانەوەیان هەبوو کە دوای ماوەیەک تەماشاکردنیان یاخود تەنیا دانیشتن لەبەردەمیاندا دەبوویە هۆی ژمارەیەک کێشەی جیاوازی چاو.

هەروەها ماڵپەڕی "TedEd" ئاماژەبەوەدەکات، ئەم تیشکدانەوانە لە هەموو تەلەفیزیۆنەکاندا نەبوون، بەڵکو تەنیا لە چەند دانەیەکی کۆمپانیای "General Electric"دا بووە، بە شێوەیەک کە ١٠٠ هەزار هێندەی بڕی ڕێگەپێدراو تیشکی ئێکسیان دەرکردووە، کە ئەمەش دەبوویە هۆی سووربوونەوە و ئازاری چاو و پێست.

ئەوەی لە ئێستادا گرنگە، تەلەفیزیۆنە نوێیەکان، کە بەگشتی "LCD"ن، تیشکدانەوەی زیانبەخشیان نییە، بۆیە خەڵکی دەتوانن هەرچەندە بیانەوێت لە نزیکیانەوە دابنیشن، بەڵام زۆر تەماشاکردن و سەرنجدانی تەنێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی زۆر دەکرێت چاو ماندووبکات، ئیتر تەنەکە تەلەفیزیۆن بێت یان کتێب گرنگ نییە، بۆیە باشتر وایە جارجارە چاوی لەسەر هەڵبگیرێت.

ب.ع