بۆچی نزگەرە دەکەین؟

2020-08-06

6144 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەرچەندە نزگەرە بێزارکەرە بۆ زۆربەمان، بەڵام زاناکان ڕایدەگەیەنن کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەکردنماندا.

ماڵپەڕی "CNN" ڕایگەیاندووە، کۆمەڵێک توێژەری زانکۆی "UCL" بەریتانی، هەستاون بە سەرنجدان لە ١٣ منداڵی تازە لەدایکبوو لە کاتی نزگەرە کردندا و گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە نزگەرە کردن یارمەتی مێشک دەدات باشتر ماسولکەکانی هەناسەدان کۆنترۆڵ بکات، چونکە لە سەرەتادا کە لەدایک دەبین تەواوی سوڕە کارەباییەکانی مێشکمان بەڕێکی ئیش ناکەن، نزگەرە کردن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەکردندا یارمەتیدەری مێشک دەبێت کە بە تەواوی هەناسەدان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

نزگەرەکردن لە دوای نۆ هەفتە سکپڕییەوە دەردەکەوێت و ئەو منداڵانەی کە لانیکەم سێ هەفتە زووتر لەدایک دەبن تێکڕا ١٥ خولەک لە ڕۆژێکدا بە نزگەرە بەسەر دەبەن، زاناکان ئاماژە بەوەش دەدەن کە نزگەرە سوودێکی زانراوی بۆ مرۆڤی پێگەشتوو نییە و تەنیا خوویەکە لە منداڵییەوە ماوەتەوە.

هەمان تیم پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە دیاردەی شەق وەشاندنی کۆرپە لە سکی دایکیدا لە پێناو دیاریکردن و شارەزابوونی بەشەکانی جەستەی خۆیدایە و یارمەتی کۆرپەکە دەدات لە نەخشەی جەستەی خۆی تێبگات.

ب.ع