چی ڕوودەدات کاتێک ڕۆنێک دووجار گەرم دەکەیتەوە؟

2020-08-05

14292 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەشێکی زۆری چێشتخانە و شوێنەکانی کە خواردنی خێرایان تێدا دەفرۆشرێت چەند جارێک هەمان ڕۆن بەکاردەهێننەوە و زیاد لە ئاسایی گەرمی دەکەنەوە، ئایا ئەم کارە زیانی تەندروستیی هەیە؟

لە بابەتێکی تەندروستیدا، ماڵپەڕی "Medical News Today" ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو شوێنە گشتییانەی كە خۆراکی تێدا ئامادەدەکرێت، تەنانەت لەناو چێشتخانەی ماڵەكانیشدا، پێویستە لەكاتی ئامادەكردنی خواردندا تەنها بۆ یەکجار ڕۆن یاخود زەیت بەکار بهێنن.

ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەکارهێنانەوەی ڕۆن زیاتر لە جارێك جگە لەوەی دەبێتە هۆی دابەزینی بەها خۆراکییەکەی، دەشبێتە دروستبوونی ڕەگی ئازادەوە تیایدا بەهۆی پلەی گەرمی بەرزەوە کە هۆکارە بۆ بەرهەمهێنانی مادەی ترسناکی (ئەڵدیهاید و کیتۆنات و Piroxide value) کە هۆکارن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.

هەندێکجار دەبێتە هۆی دروستبوونی ماددەی کیمیایی زیانبەخش کە زیان بە گەدە دەگەیەنێت و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی گیرانی خوێنبەرەکان و جەڵدەی مێشک و نەخۆشیەکانی دڵ و زیاد بوونی کۆلیسترۆڵی خوێن.

بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی ئیلینۆیزی ئەمریکا کە لە ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە، بەکارهێنانەوەی ڕۆن دەبێتە هۆی زیاتر تەشەنەکردنی شێرپەنجەی سییەکان لەو کەسانەدا کە شێرپەنجەیەکی شاراوە یان ئاشکرایان هەیە.

چۆن دەزانیت کە ڕۆنەکەت زیاد لە ئاسایی بەکارهێناوە؟

-ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ ڕەنگێكی تۆخی تێر

زیادبوونی چڕییەکەی

 بوونی پاشەڕۆی خۆراکی لەناو زەیتەکەدا .

گۆڕانی تام و بۆنی زەیتەکە .

بوونی بڵق و دوکەڵ لەسەر زەیتەکە .

ب.ع