بەهۆی تەقینەوەکەی لوبنانەوە هەواڵی مردنی ئەلیسا بڵاوکرایەوە

2020-08-04

184960 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ دوو تەقینەوەی گەورە لە بەندەرێکی بەیروت پایتەختی لوبنان ڕوویدا کە بەهۆیەوەی چەندین کەس مردن و برینداربوون، لەو نێوەندەشدا هەواڵی مردنی ئەلیسای گۆرانیبێژی لوبنانی و ڕوخانی ماڵەکەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە.

ماڵپەڕی جەرەس نوسیوویەتی، ئەلیسای گۆرانیبێژی لوبنانی سەبارەت بەو هەواڵانە لە تویتێکدا هەوادارەکانی دڵنیا کردووەتەوە لە باشی تەندروستیی.

لە تویتەکەی ئەلیسادا هاتووە "دڵم دەسوتێت بۆ خۆم و شارەکەم، سوپاس بۆ خوا من زۆر باشم، خوایەگیان هەموو بریندارەکان چاکبکەیتەوە".

لە بەشێکی تری تویتەکەیدا نوسیوویەتی "ماڵەکەم هەمووی روخاوە، بەڵام ئەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە خوای گەورە لوبنان بپارێزێت".

بەگوێرەی میدیا لوبنانییەکان، دوو تەقینەوەی گەورە بەندەری بەیروتی هەژاندووە کە چەندین بریندار و کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ماڵ و باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی نزیک ڕووداوەکە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

ئ.ل