چیرۆکی ئەو کرێکارەی بەهۆی دوو بەردەوە بوو بە ملیۆنێر

2020-08-04

3774 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کرێکارێک بەهۆی دۆزینەوەی دوو بەردەوە ژیانی لە نێوان شەو و رۆژێکدا گۆڕاو بوو بە ملیۆنێر، بەردەکان لە جۆری دەگمەن بوون کە نرخەکەیان بە ٣.٤ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام چیرۆکی ئەم پیاوە بووەتە جێگەی سەرنجی میدیا و خەڵکی.

سکای نیوز نوسیوویەتی، سانینیۆ لایرز ئەو پیاوەیە کە بەهۆی دۆزینەوەی دو بەردی گرانبەها و دەگمەنەوە لە جۆری "تەنزانیت" بووە بە ملیۆنێر، ئامادەیە ژیانی خێزانە ٣٠ کەسییەکەی لەسەر بنیات بنێت.

ئەو دووبەردەی کە ماوەیەک لەمەوپێش لایزر لە کانێکدا دۆزیویەتییەوە لە جۆری "تەنزانیت"ە و دەگمەنە، رەنگەکانیان شین و بنەوشەی تاریکە، تەنیا لە باکوری تەنزانیا کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاوە دەست دەکەوێت.

کێشی بەردەکان ١٥ کیلۆگرام بووە، بە نرخی ٣.٤ ملیۆن دۆلار فرۆشتوویەتی، ئەو پیاوە کرێکارە لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنەکان تەنزانیا دەرکەوتووە کە چەکێکی بە بڕی ٣.٤ ملیۆن دۆلار بەرامبەر بەردەکان پێدراوە، کە بانکێکی تەنزانیا لێیان کڕیوەتەوە، سەرۆکی ئەو وڵاتەش بەناوی جۆن ماگۆفولی پیرۆزبایی لێکردووە.

دەستەی رادیۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەو کرێکارە تەنزانییە بەخت یاوەری بووە دووبارە خشڵێکی تری دۆزیوەتەوە و لە بەرامبەر ملیۆنێک دۆلاردا گۆڕیویەتییەوە، کە کێشەکەی ٦.٣ کیلۆگرام بووە.

لایزری کرێکار لەدوای لەدایکبوونی منداڵە نوێیەکەی بووە بە خاوەنی ٣٠ منداڵ، ئامادەیە بەو بۆنەیەوە ئاهەنگێک سازبکات، دوومانگ پێش ئێستا لە لێدوانێکیدا بۆ بی بی سی ڕایگەیاندووە، ئەو کرێکارە شێوازی ژیانی نەگۆڕیوە، بەڵکو لە پلانیدایە ٢٠٠٠ مانگا بەخێوبکات.

دووشەمەی رابردوو ئەو پیاوە رایگەیاندووە، دەیەوێت لە سامانەکەی خوێندنگەیەک بکاتەوە لەگەڵ بنکەیەکی تەندروستیی لە کۆمەڵگەی سیمانجیرۆ لە هەرێمی باکوری مانیارا.

ئ.ل