وشکیی چاو چ مەترسییەکی هەیە؟

2020-08-04

6159 جار خوێندراوەتەوە

+ -

زۆرکەس وشکبوونەوەی چاوەکانیان بە ئاسایی دەبینن و گرنگی زۆری پێنادەن، ئەگەر تۆش یەکێکیت لەمانە، ئەوا وریابە لەوانەیە لە هەڵەیەکی گەورەدا بیت، چونکە ئەگەر وشکی چاو چارەسەر نەکرێت دەکرێت چەندین کێشەی تەندروستی دیکە دروست بکات.

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "CNN" وشکبوونەوەی چاو دەکرێت ببێتە هۆی هەستکردن بە ئازار لە چاوەکاندا و بینینیش لێڵ بکات، ئەمەش سەرباری ئەوەی کە دەبێتە ڕێگرێکی گەورە لە بەردەم کار و چالاکییەکانی ڕۆژانەدا، بۆ نموونە کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک زۆر قورس دەبێت بۆ ئەو کەسەی چاوەکانی وشک بوونەتەوە.

ئەو زانیارییەی کە لەوانەیە زۆربەی خەڵکی نەیزانن بریتییە لەوەی کە وشک بوونەوەی چاو زیانێکی گەورە بە کۆرنیا بگەیەنێت، ئەگەر کێشەکە زوو دەستنیشان نەکرێت لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی بینینیش.

کۆرنیا وەک بەشەکانی دیکەی لەشی مرۆڤ نییە و ئۆکسجین و مادەی خۆراکی لە خوێنەوە وەرناگرێت، بەڵکو پشت بە فرمێسک دەبەستێت بۆ هەردووکیان، زیاد لەم سوودانەش فرمێسک پاککەرەوەیەکی گرنگە بۆ چاو و تۆز و میکرۆبەکان دەشواتەوە، بۆیە زۆر گرنگە لە کاتی وشک بوونەوەی چاوەکاندا خێرا سەردانی دکتۆر بکرێت.

ب.ع