سلێمانی.. یادی شێرکۆ بێکەسی شاعیر دەکرێتەوە

2020-08-04

1283 جار خوێندراوەتەوە

+ -

حەوت ساڵ بەسەر مەرگی شیرکۆ بێکەسی شاعیردا تێپەڕدەبێت و لە چالاکییەکدا تاجەگوڵینە دەبرێتە سەرگۆڕی ئەو شاعیرە.

کارا محەمەد سەرپەرشتیاری چالاکییەکە لە رێکخراوی نوێگەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند،" ئەمڕۆ لەگەڵ بەشێک لە خانەوادەی ئەو شاعیرە و کەسەنزیکەکانی  کە لە کوردستان دەژین، حەوتەمین ساڵیادی ئەو شاعیرە دەکەینەوە و تاجە گوڵینەی وەفا لەسەر گۆڕەکەی دادەنێین.

وتیشی بەو پێیەی شیرکۆ بێکەس هەمیشە وەک شاعیرێكی بەرگریکار دەردەکەوت، هەفتەی ئایندە کەرنەڤاڵێکی شیعری لەسەر گۆڕی ئەو شاعیرە بۆ نزیکەی دە شاعیر رێکدەخەین  کە تێیدا تەنها شیعری بەرگری دەخوێنرێتەوە و دواتر کۆی ئەو شیعرانەی دەخوێنرێتەوە لە نامیلکەیەکدا چاپدەکرێت.

شێرکۆ بێکەس کوڕی فایەق بێکەسى شاعیرە و ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی سلێمانی لەدایکبووە، شێرکۆ تەمەنی هەشت ساڵان بووە کە بێکەسی باوکی کۆچی دوایی کردووە، لە تەمەنى منداڵییەوە لەسەر سامانە ئەدەبییەکەى بێکەسى باوکى خۆى پەروەردە کرد و هەر لە تەمەنێکى کەمى منداڵییەوە دەستى بە شیعر نوسین کردووە، یەکەم شیعری  لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە رۆژنامەی ژین بڵاوکردووەتەوە، ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین کتێبی شیعری خۆی بە ناوی تریفەی ھەڵبەست لە بەغدا چاپکردووە، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی ئەو سەردەمە بانگەشەى گۆڕانکارییان لە شیعرى کوردیدا کردووە کە بە گروپى روانگە ناسراوبوون، رۆژی ٤ى ئابى ٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەھۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.