ئایا دڵتێکهەڵاتن نیشانەی نەخۆشییە؟

2020-08-03

8949 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دڵتێکهەڵاتن و رشانەوە خۆی نەخۆشی نییە بەڵکو ئاماژەیە بۆ هەندێك گرفتیی تەندروستیی و نەخۆشی دیاریکراو کە پێویستە چارەسەر بکرێن.

بەگوێرەی بابەتێکی ماڵپەڕی "العربیة" ئاماژە بەوەکراوە، بنکەی ئەڵمانی بۆ هۆشداری لەبارەی نەخۆشییەکانەوە ئاماژەی بەوەکردووە، دڵتێکهەڵاتن دەکرێت کۆمەڵێك  هۆکاری هەبێت لەوانە: ژەهراوی بوون، تووشبوونی کۆئەندامی هەرس بە بەکتریا و ڤایرۆس، هەوکردنی ناوپۆشی گەدە، هەوکردنی قۆڵۆن، شەقیقە، هەروەها بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی خۆر، شلەقانی مێشك بەشێکی دیکەن لە هۆکارەکان.

دەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتی دڵتێكهەڵاتن هەندێك رێگەی ئاسان بگیرێتە بەر کە پێكهاتوون لە حەوانەوە لە ژینگەیەکی ئارامدا و هەواگۆڕینی ژوور، خواردنەوەی شلەمەنییەکان بە پێی پێویست، بەتایبەت چای زەنجەبیل یان بەیبوون، هەروەها خواردنی ژەمە سووکەکان وەك سەوزەواتە کوڵاو و برژاوەکان دەکرێت یارمەتیدەربن.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دووربکەونەوە لەو شتانەی کە دەبنە هۆی دڵتێکهەڵانت وەك قاوە و جگەرەکێشان، هەروەها دوورکەوتنەوە لە بۆنە ناخۆشەکان، چونکە دەکرێت ببنە هۆی دڵتێکهەڵاتن.

ئەگەر بۆماوەیەکی درێژخایەنیش بەردەوام بێت ئەوا باشتروایە سەردانی پزیشك بکرێت بۆئەوەی هۆکارەکەی دیاریبکرێت و بەزووترین کات چارەسەر بکرێت.

ب.ع