مایکرۆسۆفت یارمەتیی ٢٥ ملیۆن کەس دەدات کار پەیدا بکەن

2020-07-11

1924 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مایکرۆسۆفت بەنیازە تا کۆتایی ئەمساڵ یارمەتیی ٢٥ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان بدات تاکو کاری باشتر پەیدا بکەن.

پڕۆژەکەی مایکرۆسۆفت سێ بەشە، لە بەشی یەکەمیدا بە پشت بەستن بە داتاکانی (Linkedin) ئەو کارانە دەستنیشان دەکەن کە لەلایەن کۆمپانیا جیاوازەکانەوە لە جیهاندا زۆرترین خواستیان لەسەرە و ئەو کەسانەش دەدۆزنەوە کە توانستی گونجاویان هەیە بۆ ئەم کارانە، دواتر ئەم داتایانە بە خۆڕایی دەدەنە حکومەتەکان.

بەشی دوەمی پڕۆژەکە بریتییە لە کردنەوەی چەندین خولی خۆڕایی بۆ ئارەزوومەندان تاکو توانستەکانیان بەرەو پێش ببەن، کۆرسەکان بە زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئیسپانی و ئەڵمانی بەردەستن.

لە کۆتاییدا مایکرۆسۆفت دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی خولەکانی سوود بە بەشداربوەکان دەگەینێت لە دامەزراندنیاندا، بۆیە بڕوانامەی بەشداربوون دەبەخشێتە ئەوانەی بەشداریی خولەکان دەکەن و تاقیکردنەوەکان بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنن، نرخی هەر تاقیکردنەوەیەکیش تەنیا ١٥ دۆلارە.

مایکرۆسۆفت ئامادەیی دەربڕیوە بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەت و ڕێکخراوە قازانج نەویستەکاندا، بۆ ئەوەی ئەگەر ویستیان لەسەر بوو بتوانن تێچووی خولەکان بگرنە ئەستۆ و لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندوە، بەنیازە بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلار بۆ ڕێکخراوە قازانج نەویستەکان تەرخان بکات.

بۆ بینینی خولەکان کلیک لێرە بکە.

ب.ع