ئاوسانی گەدە دەکرێت ئاماژە بێت بۆ نەخۆشییەکی مەترسیدار

2020-07-05

24661 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئاوسانی گەدە یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە کەسانێکی زۆری تووشی بێزاری کردووە، زۆر کات ئەم حاڵەتە درێژە دەکێشێت و نیشانەکانی دووبارە دەبێتەوە.

ماڵپەڕی "WebMd" لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم ئاوسانە دەکرێت ئاماژە بێت بۆ بوونی کێشەیەك لە کۆئەندامی هەرسدا بەناوی "نەخۆشی تێكچوونی کاری هەرس"، نیشانەکانیشی بریتین لە ئاوسانی سك، سكچوون، دڵتێکهەڵاتن، قەبزی، بێتاقەتی، برینی ناودەم، دابەزینی کێش لەناکاو و کەمخوێنی.

ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە و وادەکات سیستمی بەرگریی هێرش بکاتە سەر شانەکانی جەستە ئەمەش لەکاتی خواردنی گڵۆتیندا روودەدات، نەخۆشییەکەش دەبێتە هۆی تێكچوونی چینی ناوەوەی هەناو و وادەکات نەتوانێت ماددە خۆراکییەکان بمژێت.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم نەخۆشییە بەهۆی وەڵامدانەوەی نەرێنی گلۆتینەوە روودەدات، کە ماددەیەکی خۆراکییە لە ناو گەنم و جۆدا هەیە، بەڵام ئەم نەخۆشییە هیچ چارەسەرێکی نییە جگە لەوەی کە دەبێت واز لە خواردنی گلۆتین بهێنرێت، بەم جۆرە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی، بەڵام بەردەوام بوون لە خواردنی گلۆتین دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم نەخۆشییە توند بێت.

ئەو خواردنانەش لە گلۆتینیان تێدا نییە بریتین لە: گۆشت، ماسی، میوە، سەوزە، برنج، پەتاتە و نیسك.

پسپۆڕان دەڵێن، هەندێك لەو کەسانەی بەردەوام گەدەیان دەئاوسێت، دوای چەند رۆژێك لە دوورکەوتنەوە لە گلۆتین هەست بە حەوانەوە دەکەن و ئازاریان کەمدەبێتەوە، بۆیە ئەمە تەنها رێگە چارەیە بۆ رزگاربوون لەم حاڵەتە.