دەنگی گۆرانیوتنی پردێك دانیشتوانی شارێکی تۆقاندووە

2020-07-05

21581 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کاربەدەستانی سان فرانسیسکۆ لە ئێستادا کاردەکەن بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو دەنگەی کە لە پردی دەرگای ئاڵتونی گەورەوە دەردەچێت کە بووەتە مایەی بێزاری بۆ بەشێك لە دانیشتووان.

ماڵپەڕی " SFGate.com" ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێك لە هاوڵاتییان پەیوەندییان بە پۆلیس و کاربەدەستانی ئەو شارەوە کردووە لەبارەی دەنگێکی سەیرەوە کە لەو پردەوە دێت، و دەوترێت کە ئەو دەنگە میویزکییە بەهۆی هاتنی رەشەبای باکوری رۆژئاواوە دروستدەبێت کە خۆیدەدات بە بەربەستەکانی شۆستەی پردەکە کە بەم دواییانە بۆی دانراون.

هەروەها بەشێك لە هاوڵاتییان وتوویانە کە ئەو دەنگە لە دەنگی ئەشکەنجەدان دەچێت ئەمەش وایکردووە تووشی تێكچوونی دەروونی ببن.

ئیوا باور فۆربۆش، گەورەی ئەندازیارەکانی رێگەی پردی دەرگای ئاڵتوونی و بەشی گواستنەوە و گەیاندن لە کۆبوونەوەیەکدا لەو بارەیەوە وتوویەتی، ئەندازیارەکان لە کاتی گۆڕینی بەربەستەکانی سەر شۆستەکە بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی پردەکە و سەلامەتی هەیکەلەکەی لە رەشەبای بەهێز، نەیانزانیوە کە دەنگێکی لەم جۆرەی لێوە دروست دەبێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکەش ئاماژە بەوەکراوە، دانیشتووانی ئەو ناوچەیەش داوایانکردووە بەخێرایی چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت تا بەهۆیەوە لایەنی دەروونیان زیاتر تێكنەچێت، ئەمەش وایکردووە ئەندازیارەکان داوای یارمەتی لە راوێژکارەکان بکەن تا بتوانن چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن.