پێنج نیشانە پێت دەڵێن پێویستە خەمێکی گوێت بخۆیت

2020-07-02

36348 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەگەر هەرکام لەم نیشانانەت تێدایە، هەوڵبدە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی قوڕگ و لووت و گوێ بکەیت، چونکە لەوانەیە کێشە لە گوێیەکانتدا هەبێت.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی ئەلجەزیرەدا هاتووە، گوێ یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئەندامەکای لەشی مرۆڤ و بە گشتیش ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە، کە پێویستە خێرا چارەسەربکرێن تاکو تووشی نەخۆشیی زیاتر نەبین لە ڕێیانەوە. ئەم نیشانانەش دەرخەری چەند نەخۆشییەکی جیا جیان، ئەگەر لە تۆدا هەیە هەوڵبدە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.

١. لەدەستدانی توانای بیستن لە گوێیەک یان هەردوو گوێدا

دەکرێت هەندێکجار بەهۆی بەرکەوتنمان بە دەنگەدەنگی زۆر بەرز توانای بیستن لەدەستبدەین لە گوێیەک یان هەردووکیاندا، یاخود دەکرێت دەنگەکان بە ناڕوونی بگەنە گوێمان، وەک ئەوەی بیستۆکێک (سەماعە) لە گوێماندا بێت.

٢. زرنگانەوەی پچڕپچڕ

ئەم جۆرە زرنگانەوەیە نیشانەی شێتبوون نییە، بەڵکو دەرخەری چەند کێشەیەکە کە دەکرێت لەدەستدانی بیستن بێت یان بەساڵاچوون یاخود تەنانەت کێشە لە دەمارەکانی نزیک گوێچکەدا هەبێت.

٣. بێزاربوون بە دەنگەدەنگی کەم

بە دەنگەدەنگێکی کەم توڕە و بێزار دەبیت؟ دەنگی قاپ و کەوچک لەکاتی نانخواردندا توڕەت دەکات؟ ئەم نەخۆشییە پێی دەوترێت میسۆفۆنیا، کە نەخۆشییەکە وا لە کەسەکە دەکات بە چەند جۆرە دەنگێک زیاد لە ئاسایی بێزار یان توڕە ببێت، لەکاتێکدا بۆ خەڵکی دیکە هیچ کێشە دروستناکەن. بەپێی ئەو هەڵسوکەتەی کە نەخۆشییەکە پێتدەکات پێویستە سەردانی پزیشکی تایبەتمەند بکەیت.

٤. سەرگێژخواردن

بە تەواوی پەیوەندییەکەی بە گوێوە دیار نییە، بەڵام کۆبوونەوەی شلە دەکرێت هۆکاری سەرگێژخواردنی درێژخایەن بێت، لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا پەیوەندی بە پزیشکەوە بکە.

٥. گوێبیستبوونی لێدانی دڵ

ئەم جۆرە لە زرنگانەوە تەنیا کەسی تووشبوو دەیبیستێت، دەکرێت بەهۆی کێشەی خوێنبەرەکانیەوە بێت یاخود پەستانی خوێنی بەرزبێت.

ب.ع