چۆن دەزانیت بۆ پەیوەندیی خۆشەویستی کەسێکی گونجاوت هەڵبژاردووە؟

2020-05-23

33531 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گرنگە لە ماوەی دروستبوونی پەیوەندی سۆزداریدا بزانیت تا چەند پەیوەندییەکەت دروستە و دڵنیابیتەوە کە کەسێکی باش و گونجاوت هەڵبژاردووە و ئەمەش نابێتە هۆی ئەوەی دۆخی دەروونیت تێكبچێت.

کەسانێکی زۆر کە پەیوەندی سۆزدارییان هەیە نازانن تا چەند پەیوەندییەکەیان دروست و تەواوە و شایەنی ئەوەیە کە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بەردەوام بوونی پەیوەندییەکەیان، بۆ ئەم مەبەستە ماڵپەڕی برایت ساید ئاماژەی بە دیارترینی ئەو نیشانانە کردووە کە دەریدەخەن پەیوەندییەکەت تا چەند دروستە و شایەنی قوربانی دانە، بەم جۆرە:

١. خۆت بیت:

کاتێك دەزانیت لە پەیوەندییەکی راستدایت کە ناچارنابیت کەسایەتی و سروشتی خۆت بگۆڕیت، بەڵکو وەکو خۆت رەفتار دەکەیت و ئەو کەسەش تۆی قبوڵە.

٢. وردەکارییەکانی رۆژ:

دەتوانیت هەموو بیرۆکەکان و وردەکارییەکانی رۆژەکەتی بۆ باس بکەیت بەبێ ئەوەی هیچ دڵەڕاوکێ و ترسێكت هەبێت.

٣. باسکردنی ئازارەکانی رابردوو:

دەتوانیت لەگەڵ ئەودا باسی کێشەکانی رابردوو و خێزانەکەت و هاوڕێکانت و هەر کێشەیەکی دیکە بکەیت، ئەویش گوێت لێدەگرێت و گفتوگۆت لەگەڵ دەکات لەبارەیەوە.

٤. متمانە لەرووی مادییەوە:

دەوتوانیت لەڕووی ماددییەوە متمانەی پێ بکەیت و دەزانیت کە بە هیچ مەبەستێك بەکارناهێنێت و نایەوێت سوود لە هیچ شتێکی تۆ وەربگرێت.

٥. ئازادیی:

کاتێك متمانەی نێوانتان هێندە گەورە بێت، کە بە ئەوپەڕی ئازادییەوە رەفتار بکەیت، بەبێ ئەوەی هیچ ترسێكت هەبێت دەتوانیت رۆژەکانی ژیانت بژیت.

٦. ئیمەیڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:

دەتوانیت ئیمەیڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت لەلای ئەو بەجێ بهێڵیت بەکراوەیی، بەبێ ئەوەی هیچ ترسێكت هەبێت.

٧. دڵنیایی و ئارامی:

لەگەڵ ئەودا هەست بە دڵنیایی و ئارامی دەکەیت، دەزانیت کە هیچ کات زیانت پێناگەیەنێت و ناهێڵێت زیانت پێبگات، بەردەوام ئامادەیە لەتەنیشتەوە بوەستێت و پشتت بگرێت.

٨. داننان بە هەڵەدا:

کاتێك کە هەڵەیەك دەکات دانی پێدا دەنێت و بەرپرسیارییەتی هەڵەکانی هەڵدەگرێت، ئەمەش وادەکات پەیوەندییەکەتان زیاتر بەتین بێت و هیچ شتێك لەیەکتان دوور نەخاتەوە.

ب.ع