زاناکان هۆشداری لەبارەی کەرەستەکانی ماکیاژەوە دەدەن

2020-05-23

3708 جار خوێندراوەتەوە

+ -

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە ئینگلتەرا ئەنجامدراوە ئاشکرایکردووە، ڕێژەی %٩٠ی بەرهەمە جوانکارییەکان بەکتریای زیانبەخشیان تێدایە.

بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی زانکۆی ئاستنی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، دوو پزیشکی بواری زانستیی زیندەوەرزانی بەناوی ئامریین بەشیر و پیتەر لامبێر لە زانکۆی ئاستۆن پشکنینیان بۆ چوار جۆری ماکیاژ کردووە کە لەوانەدا سووراو، قەڵەمی چاو و ماسکارا و فڵچەی ماکیاژی تێدا بووە، بینیان کە ئەم ماددانە بەڕاددەیەکی زۆر بەکتریایان تێدایە.

هەروەها ئەو جۆرە ئیسفنجەی بۆ بڵاوکردنەوەی ماکیاژ بەکاردێت و شێوەیەکی هێلکەیی هەیە، بڕێکی زۆر بەکتریا و کەڕووی تێدایە.

بەگشتی پزیشکان پشکنینیان بۆ ٤٦٧ بەرهەمی جوانکاری کرد لەوانە: ٩٦ جۆر سوراو، ٩٢ قەڵەمی چاو، ٩٣ ماسکارا، ١٠٧ بریقەدارکەری لێوەکان، ٧٩ ئیسفەنج.

توێژەران لە توێژینەوەکەدا نوسیویانە: "لەسەر هەموو جۆرە کەرەستەکانی جوانکاری نوسراوە کە دەبێت هیچ زیندەوەرێکی تێدا نەبێت کە ببێتە هۆی نەخۆشکەوتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ٧٠ بۆ ٩٠%ی هەموو بەرهەمە جوانکارییەکان بەکتریایان پێوەیە".

بۆ زانینی هۆکارەکەش، گروپی توێژەران راپرسییەکیان ئەنجامدا لەبارەی خووەکان و شێوازەکانی ماکیاژکردنەوە، بۆیاندەرکەوت کە دەکرێت هۆکارەکە بۆ چەند هەڵەیەك بگەڕێتەوە کە بەکارهێنەر ئەنجامی دەدەن.

لە ڕاپرسییەکەدا ٩٣٥ بەکارهێنەر دانیان بەوەداناوە کە هیچ کات ئیسفەنج و فڵچەی ماکیاژەکەیان نەشۆردووە، هەروەها %٦٤.٤ی بەشداربووەکان بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی ئەو کەرەستانە پاش بەرواری بەسەرچوونیشیان.

ب.ع