هەرزەکارێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیامێك بۆ هەموو گەنجان دەنێرێت

2020-04-07

9601 جار خوێندراوەتەوە

+ -

"وەك ئەوەی بارهەڵگرێك لێی دابم" هەرزەکارێکی ئەمەریکیی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەم جۆرە وەسفی نیشانەکانیی تووشبوون بەم ڤایرۆسەی کرد و هۆشداریی بە هەموو گەنجان داوە لەبارەی نەخۆشییەکەوە.

 لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی "الوطن" ئاماژەی بەوەکردووە، دیمێتری میچێل کە قوتابیی زانکۆیە و تەمەنی ١٨ ساڵە لە ١٣ی مانگی ئازارەوە تووشی کۆکە و تالێهاتنێکی زۆر بووە، وتوویەتی، "بەدرێژایی رۆژ لەجێگەدا دەمامەوە و بەردەوام هەستم بە ماندوێتی دەکرد، چاوەکانم بەردەوام فرمێسکیان دەڕشت، خراپترین ئازاری سەرم هەبوو، کۆکەکەشم بەردەوام خراپتر دەبوو، ئەمە قورسترین حاڵەتی نەخۆشیبوو کە تووشی ببم، بە دایکمم وت هەستدەکەن کە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لێیداوم".

ئێرینا یۆدر، دایکی میچێڵ ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتادا پزیشکەکان پشکینیان بۆ کوڕەکەی نەکردووە و داوایان لێکردووە لەماڵەوە بمێنێتەوە، بەڵام دۆخی ئەو کوڕە بەخێرایی تێكچووە و ئەمەش وایکردووە پزیشکەکان ناچاربن بەخێرایی پشكنینی بۆ بکەن و دوای ئەوەی دەرکەوت تووشی نەخۆشییەکە بووە بەخێرایی خستیانە ژێر چاودێری وردەوە.

یودر وتوویەتی، "هەموو ١٠ بۆ ١٥ خولەك جارێك سەردانی کوڕەکەم دەکرد چونکە زۆر بە قورسی هەناسەی دەدا، هەرگیز بڕوام نەدەکرد کوڕەکەم تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت، تەندروستیی زۆر باش بووە و بەردەوام وەرزشی دەکرد، بۆیە لێرەوە فێربووین کە ئەم ڤایرۆسە ئەگەری هەیە تووشی هەموو کەسێك ببێت لە هەر تەمەنێکدا بێت".

میچێل ئاماژەی بەوەشداوە، بەر لە تووشبوون بەردەوام هەستم دەکرد من هەرگیز تووشی ئەم ڤایرۆسە نابم و پارێزراوم، بەڵام دوای ئەوەی کە لە سەرەتاکانی مانگی ئازاردا گەشتێكم لەگەڵ کۆمەڵێك هاوڕێم کرد هەستم بە دڵتێکهەڵاتن کرد و دواتر تووشی کۆکە بووم و دۆخی تەندروستییم خراپتربوو.

لە ئێستادا ئەم کوڕە باشتر بووە و تاراددەیەکی کەم کۆکەی ماوەی، بەرەو باشبوون دەچێت دوای ئەوەی هەفتەیەکی بەڕێکرد بەبێ ئەوەی کە تالێهاتنی هەبێت.

ئەم هەرزەکارە هۆشداریی بە هەموو گەنجان داوە و وتوویەتی، "بە چاوپۆشی کردن لە تەمەنەکەت، یاخود دۆخی تەندروستییت باشە یان نا، دڵنیابە لەوەی هەموو رێنماییە پزیشکییەکان جێبەجێ بکەیت و هەرگیز وا رەفتار مەکە کە تۆ پارێزراوبیت، چونکە ئەوە تەنها بەرەو مەترسیت دەبات".

ژ.ن