لەکاتی نەبوونی ئارایشتگا و دوکانی کەرەستەی جوانکاری چۆن قژ ڕەنگ دەکەیت؟

2020-04-04

102693 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە ماوەی کەرەنتینەدا و لەکاتی نەبوونی ئارایشتگا و داخستنی ئەو دوکانانەی تایبەتن بە کەرەستەی جوانکاری خانمان، دەتوانرێت بۆ ڕەنگکردن و شاردنەووەی تاڵە سپییەکانی قژیان سوود لە چەند کەرەستەیەکی ماڵ وەربگرن.

ماڵپەڕی عەرەبییە لە بابەتێکی تایبەت بە خانماندا ئاماژەی بە کۆمەڵێک پێکهاتەی سروشتی کردووە، لە زۆربەی ماڵەکاندا دەست دەکەون بۆ شاردنەوەی تاڵە سپییەکان و ڕەنگکردنی قژ کە خاڵین لە ماددەی کیمیایی دەتوانن سوودی لێوەربگرن، ئەوانیش:

قاوە

ئەگەر ڕەنگی قژ قاوەیی تاریکە یان تۆخە دەتوانیت سوود لە گیراوە یان خڵتەی قاوە وەربگریت، دوو كەوچكی گەورە لە پاشماوەی ئەو قاوەیەی گرتوتەوە یاخود قاوەی ئامادەكراوی ئاسایی، لەگەڵ كەوچكێکی گەورە كۆندیشنەر "بەلسەم" و كەمێك ئاو تێكەڵی بكەن و بیدەن لەتەواوی قژتان، دواتر بە كیسێكی پلاستیك دایپۆشن و بۆ ماوەی كاتژمێرێك زیاتر پێوە بمێنێتەوە، هەفتەی دوو بۆ سێ جار دووبارە بکرێتەوە بۆ گرتنی ڕەنگەکەی.

چای ڕەش

تایبەتمەندی دژە ئۆكسانی تێدایە و ڕەنگێكی سروشتییە و لە كۆنەوە بۆ ڕەنگكردنی قژ بە ڕەش و قاوەیی بەكارهاتووە.

شێوازی بەکارهێنانەکەی، ٢٠٠ گرام چا لە لیترێك ئاودا بۆ ماوەی ٣٠ خولەك دەكوڵێنرێت و بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر دادەنرێت پاشان دەپاڵێورێت، دوای شتنی قژ بە شامپۆ لێدەدرێت و بە قژەكەوە دەبێت بۆ ماوەی كاتژمێرێك یان زیاتر، دواتر بە ئاو دەشۆرێت.

گیراوەی ئاوی چەوەندەر و ئاوی گێزەر

 بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە قژیان ڕەنگی وەك مس وایە یاخود سورباوە، گیراوەکە دەدرێت لە قژ و بە كیسێكی پلاستیكی بۆ ماوەی كاتژمێرێك دادەپۆشرێت، دواتر كەمێك سركەی سێو دەكرێتە تەشتێك ئاو قژەكەی پێدەشۆرێت.

لیمۆ و هەنگوین

بۆ قژی ڕەنگ كاڵ بەكاردێت، قژی قاوەی تۆخ و هەنگوینی کاڵ دەكاتەوە، سودێكی زۆریشی بۆ پێستی سەر هەیە، بڕێکی یەکسان لە هەردوو کەرەستە تێکەڵ بکە و بۆماوەی دوو کاتژمێر بە قژەکەوە بێت، دواتر بە ئاو و شامپۆ بشۆرێت، هەفتەی سێ بۆ چوار جاردووبارە بکرێتەوە.

چەند ڕێنماییەکی گرنگ:

-گیراوەکان لە شوشە یان قاپێکی تەختە ئامادە بکرێت، چونکە کەرەستەکانی تر ڕەنگە کاریگەری بکاتە سەر رەنگی گیراوەکە.

-ئەگەر لەدوای لێدانی گیراوەکان کیسی نایلۆن بدرێت لە قژەکە ڕەنگەکە جوانتر دەگرێت.

-گرنگە بۆ دەستکەوتنی ئەنجامی باش چەند جارێک ئەم گیراوانە دووبارە بکرێنەوە.

-بۆ جوانتر ڕەنگکردنی قژەکە و نەرمبوون و بریقەداربوونی کەمێک سرکەی سێو بکرێتە گیراوەکەوە.

- دوای لێدانی گیراوەکە و شۆردنی دواتر بۆ ماوەی چوار ڕۆژ نەشۆرێت بۆ ئەوەی ڕەنگەکە باشتر جێگیربێت.

ئ.ل