پزیشکێکی ڕوسی نهێنییەکی بۆ بەهێزبوونی بەرگریی جەستە دژی کۆرۆنا ئاشکراکرد

2020-04-03

141101 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئیلینقا مالیشیڤا پزیشکی بەناوبانگی ڕوسی و بێژەری بەرنامەی تەلەفیزیۆنی، ئاماژەی بە ماددەیەکی خۆراکی گرنگ کردووە کە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات و دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەجەنگێت.

لە درێژەی بەرنامەکەیدا ئەو پزیشکە وتوویەتی "زینک یەکێکە لەو ماددە خۆراکییە گرنگانەی کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە به‌هێزکردنی سیستمی بەرگریی لەش و  کوشتنی خانە ڤایرۆسییەکان".

ئاماژەی بەوەکردووە، مرۆڤ دەتوانێت ئەو کانزایە لە هەندێک جۆری خۆراکدا بەدەستبهێنێت، وەک گوێچکە ماسی و شۆڤان و گەنمەشامی.

ئەو پزیشکە ڕایگەیاندووە، بەساڵاچووان بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی شەکرەی درێژخایەنیان هەیە زیاتر مەترسی توشبوونیان بە کۆرۆنا لێدەکرێت، هۆکارەکەشی کەمبوونەوەی زینکە لە جەستەیاندا، کە ڕۆڵی هەیە لە لاوازبوونی بەرگریی لەش.

مالیشیڤای پزیشک ئامۆژگاریی ئەو کەسانە دەکات کە نەخۆشییەکانی دڵ و سوڕی خوێن و شێرپەنجەیان هەیە، کە گوێزی هیندی لە سیستمی خۆراکییاندا زیاد بکەن، چونکە دەوڵەمەندە بە سیلینیۆم کە کانزایەکی دژە ئۆکسیدە و یارمەتیدەرە لە بەهێزکردنی بەرگریی لەش.

جەختی لەوەکردووەتەوە، گرنگە ئاو بە ڕێژەیەکی زۆر بخورێتەوە بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان، ڕوونیشیکردووەتەوە، وشکبوونەوە و کەمبوونەوەی شلەمەنی لە جەستەدا چالاکی ڤایرۆسەکە و بەکتریا لە لەشدا زیاد دەکات.

ئ.ل