حەوت ڕێگەی خۆپاراستن لە زانیاریی خراپ دەربارەی کۆرۆنا

2020-03-28

7500 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رەنگە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە قەد بڵاوبوونەوەی زانیاری خراپ و ناڕاست کاریگەری نەرێنی لەسەر خەڵکی نەبێت، هەربۆیە حەوت رێگای گونجاو بۆ خۆپاراستن لە زانیاریی خراپ دەخەینەڕوو.

ماڵپەڕی بی بی سی لەسەر زاری شارەزایانی دەروونناسییەوە بڵاویکردەوە، باوەڕکردن بە هەموو هەواڵێک و بێ بیرکردنەوە ناردنی بۆ کەسێکی دیکە، لە خودی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراپترە.

حەوت رێگا بۆ وەستاندنی زانیاریی خراپ و خۆپاراستن لە هەواڵی ناڕاست:

یەکەم: بووەستە و بیربکەرەوە

تۆ دەتەوێت یارمەتی خێزانەکەت و هاوڕێکانت بدەیت، هەربۆیە کاتێک زانیاریی و هەواڵت بە ئیمەیڵ، واتسئەپ، فەیسبووک یان تویتەر بۆ دێت، تۆ رەنگە بە خێرایی بینێری بۆیان، بەڵام شارەزایان دەڵێن، بووەستە و بیر بکەرەوە، ئەگەر گومانت بۆ دروستبوو لە راستی زانیارییەکە، ئەوا بەدوای سەرچاوەکەیدا بگەڕێ.

دووەم: سەرچاوەکەت بپشکنە

بەرلەوەی بینێریت بۆ خێزان و هاوڕێکانت، هەندێک پرسیار لە خۆت بکە و لە خۆت بپرسە؛ ئەم زانیارییە لەکوێوە هاتووە؟ ئەگەر لە کەسانێکی نافەڕمییەوە هاتبوو، وەکو هاوڕێ و مامە و پور و دراوسێکەتان، ئەوا سەرچاوەی زانیارییەکە بپشکنە.

بۆ ئەو مەبەستە، بڕۆرە سەر سایتی وەزارەتی تەندروستی، سایتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی یاخود سایتی فەرمانگەی تەندروستی شارەکەت.

سێیەم: بەراوردکارییانە زانیارییەکە بپشکنە

ئەو سکرینشوتەی بۆت هاتووە دەکرێت دەستکاریکرابێت، هەربۆیە بە کەمتر لە پشکنینی هەژمارە راستەقینە متمانەپێکراوەکانی وەزارەتی تەندروستی رازی مەبە. ئەگەر لەو شوێنانەی پێشتر ئاماژەی پێدرا نەتدۆزییەوە، ئەوا باوەڕی پێ مەکە.

چوارەم: ئەگەر دڵنیانیت لە دروستی زانیارییەکە بڵاویمەکەرەوە

شتێک بڵاومەکەرەوە کە پێتوایە راستە، بەوە رەنگە زیاتر ئازاری خەڵکی بدەیت، لە جیاتیدا شتێک بڵاوبکەرەوە کە پشکنینت بۆی کردبێت.

پێنجەم: خۆت هەموو بڕگەیەک لە زانیارییەکە پشتراستبکەرەوە

مەرج نییە لە نوسینێکی درێژدا کە بڕگەی "دەستەکانت بشۆ"ی تێدابێت، ئیتر مانای راستی نوسینەکە بگەیەنێت. زۆرجار بۆ ئەوەی باوەڕیان پێبکەیت، کەسانێک تۆماری دەنگیش دەنێرن، بەڵام وریابە، ئەوە بۆ باوەڕپێکردنە و لەو حاڵەتەدا، خۆت بڕۆ بەدوایدا و بیپشکنە و بۆ سەرچاوەی فەڕمی بگەڕێ.

شەشەم: وریای پۆستە عاتیفییەکان بە

خۆت لەو کەسانە لابدە کە پۆستی عاتیفی لەسەر کۆرۆنا دەکەن و تەنیا بۆ ئەوەی بابەتەکەیان زیاتر بڵاوببێتەوە خەڵکی دەترسێنن، ئەو جۆرە کەسانە هەر ئەوانەن کە ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانیمان زیاد دەکەن. لێرەشدا دیسان بگەڕێوە بۆ پشکنینی زانیارییە عاتیفییەکە.

حەوتەم: بیر لە لایەنگیری بکەرەوە

ئایا کە شتێک بڵاودەکەیتەوە، لەبەرئەوەیە کە دەزانیت راستە یان تەنیا لەبەرئەوەیە کە هاوڕای لەگەڵیدا؟ شارەزایانی دەروونی ئاماژە بەوە دەدەن، کە مرۆڤەکان پێیانخۆشە شتێک بڵاوبکەنەوە کە لەگەڵیدا هاوڕان، بەڵام وریابە، هاوڕابوون مانای راستی بابەتەکە ناگەیەنێت و دیسان ئەوەی لەدەستت دێت بۆ پشتراستکردنەوەی بابەتەکە ئەنجامیبدە.