پزیشکێکی سعودی چیرۆکی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگێڕێتەوە

2020-03-27

10795 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پزیشکێکی سعودی کە لە مەککەی پیرۆز کاریکردووە ئاشکرایکردووە، توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و باری تەندروستی باشە، داوا لە خەڵکی دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە تەنها لەکاتی پێویستیدا بچنە دەرەوە.

رۆژنامەی سەبق نوسیوویەتی، محەمەد میسری تەمەن ٢٩ ساڵ و پزیشک لە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی مەککە ئاماژەی بەوەکردووە، سێ رۆژ دوای توشبوونی بە نەخۆشییەکە هەستی بە خوران و گۆڕانی دەنگی کردووە، دوای پشکنین ئەنجامەکانی پۆزەتیف بووە و توشی نەخۆشییەکە بووە.

ئەو پزیشکە رایگەیاندووە، لە رێگەی جلەکانییەوە ڤایرۆسەکەی بۆ گوازراوەتەوە، سێ رۆژ پێشتر ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی گومانلێکراویان بە ڤایرۆسەکە سەردانی کردوون، کە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستییان جێبەجێ نەکردووە لەو کاتەی هاتوونەتە نەخۆشخانەکە، پێش کەرەنتینە و پشکنینیان، ڤایرۆسەکەیان بۆ گوازرابووەوە.

ئەو پزیشکە شانازی بە کارەکەیەوە دەکات کە بەشێکە لەتیمی فریاکەوتن و لە ریزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەیە لە شارەکەیدا، هەروەک وتوویەتی "ئەوە کەمترین ئەرکە کە بەرامبەر ئاین و وڵاتەکەمی دەکەم".

ئەو پزیشکە دەربارەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە تێیدا روونیکردووەتەوە، نیشانەکانی سادەیە و تەنیا گرفتی گۆڕانی دەنگ و کۆکەی هەیە بەبێئەوەی پلەی گەرمی جەستەی بەرزبووبێتەوە، لەو نەخۆشخانەیەی کە کاری تێداکردووە لە کەرەنتینەدایە و چاودێری پزیشکی دەکرێت.

ئاشکرایکردووە، کە لایەنی دەروونی بەهێزە و بڕوای تەواوی بە خوا هەیە کە لەو نەخۆشییە ڕزگاری دەکات، چارەسەرەکانی وەردەگرێت و باری تەندروستیی جێگیرە و نیشانەکانی کەمن.

ئ.ل