برادبێت دووبارە هاوسەرگیریی لەگەڵ هاوسەریی پێشووی دەکاتەوە

2020-03-26

46156 جار خوێندراوەتەوە

+ -

١٥  ساڵ تێپەڕیوە بەسەر جیابوونەوەی جێنیفەر ئێنستۆن لە براد بێت، بەڵام هێشتا هەوادارانیان بەهیوان بیانبینن کە دەگەڕێنەوە بۆ لاى یەکتر.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی میرەری بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم دوو هونەرمەندە لە ئەمساڵدا چەند جارێك بەیەکەوە دەرکەوتوون و چەندین هەواڵی جیاواز بڵاوکراوەتەوە لەبارەی ئەوەی کە دووبارە بەیەکەوە بن، بەڵام  هیچ یەك لەم هونەرمەندانە هەواڵەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و تەنانەت رەتیشیان نەکردووەتەوە.

لەم بارەیەوە سەرچاوەیەك بە ماڵپەڕی "هیت"ی راگەیاندووە کە ئەم دوو هونەرمەندە پلانێکی تۆکمەیان داناوە بۆئەوەی پەیوەندییەکەیان ئاشکرا نەبێت، ئاماژە  بەوەکراوە کە لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی دەستەی ئەکتەرەکانی تەلەفیزیۆن لە لوس ئەنجلس بەیەکەوە دەرکەوتوون کە براد بێت بەردەوام دەستی جێنیفەر ئەنیستۆنی گرتووە و لە پشتی شانۆکە چاویان بە یەکتر کەوتووە و سەرچاوەکە وتوویەتی: ئەوان ویستیان نامەیەکی روون بگەیەنن و بە هەموان بڵێن کە یەکتریان خۆشدەوێت و ئەم پەیوەندییەی هەیانە لەگەڵ کاتدا بەهێزتر دەبێت.

 ئاماژە بەوەشکراوە، "هەر یەکێك لەم دوو هونەرمەندە کاتێکی زۆریان ویست تا بتوانن بەم جۆرە بەیەکەوە دەربکەون، و بتوانن پەیوەندییەکانیان ببەن بۆ ئاستێکی بەرزتر".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکردووە برادبێت و ئەنیستۆن پلانیان هەیە کە پەیوەندییەکەیان زیاتر فەرمی بکەن و ئەوان ماوەیەکی زیاترە بەیەکەوەن و دووبارە کەوتوونەتە داوی خۆشەویستیی یەکتر، پلانیان هەیە کە بە فەرمی هاوسەرگیریی بکەن بەڵام مەراسیمەکە بە شاراوەیی دەبێت.

وا بڕیارە ئەم دوو هاوسەرە لە کەناری دەریا لە مەکسیك هاوسەرگیریی بکەن و تا ئەو کاتەش پەیوەندییەکەیان بە شاراوەیی دەهێڵنەوە، لە ئێستادا ئەوەی براد بێت دەیەوێت تەنها جێگیربوون و ژیانێکی خۆشە لەگەڵ جێنیفەردا.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکەش ئاماژە بەوەکراوە، دایك و باوکی براد بێت هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەن و واچاوەروان دەکرێت کە رۆڵێکی گرنگییان هەبێت لەو رۆژەدا کە ئەو دوانە دووبارە هاوسەرگیریی دەکەنەوە.